مەهاباد؛ هێمن قەرەداغی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

12:05 - 22 خەرمانان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "هێمن قەرەداغی"، کوڕی حوسێن و خەڵکی گوندی "ئیندرقاش" سەر بە بەخشی ناوەندیی شاری مەهاباد، بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارەدا ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "ئیندرقاش" و ئەو هاوڵاتییەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە دووکانەکەیدا، دەسبەسەر کردووە.

هێمن قەرەداغی، لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە درابووەوە بەر ئازار و ئەشکەنجە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.