مەئموورانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٤ هاووڵاتیی کوردیان لە مەریوان دەستەبسەر کرد

15:33 - 27 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری مەریوان، ٤ هاوولاتی کورد لەلایەن هێزە مەئموورانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هاوکاریی هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای گوندی \"بەردە رەشە\"ی سەربە مەریوان ٤ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی \" سەیفی خواروو\"یان دەستبەسەر کرد.

هێزە حکوومەتییەکان پاش گەیشتنە نێو ئەو گوندە، چوونەتە ماڵی \" فەتاح پەژووهی\" و هاوڕێ لەگەڵ کوڕەکەی خۆی بەناوی \"سەلاح پەژووهی\" و هەروەها ٢ کەسی دیکەیەشیان لە نزیک گوندی \"سەیفی سەروو\" دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی \"سەلاح پەژووهی\"دا دەستیان بە تەقەی هەوایی کردووە و ترس و دڵەڕوکێیان لای هاووڵاتییان دروست کردووە و بەو هۆیەوە تیکهەڵچوون لە نێوان هاووڵاتییان و ئەو هێزانەدا هاتۆتە ئاراوە.

ئەوە سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد هێزە حکوومەتییەکان هاوکات دەستیان بەسەر ئوتۆمبیلەکەی فەتاح پەژووهیدا گرتووە و هەتا کاتی گەیشتنی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ئەو ٢ کەسەی دیکە و هەروەها هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە ئاشکرا نەکراوە.