مەسعوود شەمس‌نژاد بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا

22:00 - 19 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: مەسعوود شەمس‌نژاد پارێزەری کورد و مامۆستای زانکۆی \"ئازاد و پەیام نوور\"ی شاری ورمێ ماوەی ٢٠ رۆژە لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە زیندانی ناوەندی شاری \"ورمێ‌\"وە بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزراوە.

کەماڵ حوسێنی هاوکاری ئاژانسی موکریان\" لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگیەیاند کە هێزە ئیتلاعاتییەکان تاوانی ئەو پاریزەرە کوردەیان هاوکاری و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە قەڵەم داوە.

\"13214.jpg\"
کەماڵ حوسێنی ،هاوکاری ئاژانسی موکریان
حوسێنی ئەوشی خستەروو، هەتا ئێستا ئەو تاوانە بەشێوەیەکی بەڵگەمەند نەسەلمێندراەوە، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو تاوانەیان وەک بیانووی دەستبەسەر کردن و راگرتنی ئەو پاریزەرە کوردە راگەیاندووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوی ئەم هەواڵە وێڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی مەسعوود شەمس نژاد، هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ئەو مامۆستایەی زانکۆکانی شاری \"ورمێ\"یان نەدرکاندووە.

مەسعوود شەمس نژاد کە پارێزەری حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور، عەلی و حەبیبوڵڵا ئەفشاری، ٣ زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدامی لە ئەستۆیە، رێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانیەوە لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا.