مەسعوود شەمس نژاد بە دانانی ١ میلیارد تمەن بارمتە ئازاد کرا

21:23 - 26 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: مەسعوود شەمس‌نژاد پارێزەری کوردی خەڵکی ورمێ پاش ٣٤ رۆژ لە دەستبەسەر کران، بە دانانی بارمتەیەکی ١ میلیارد تمەنی لە زیندان ورمێ ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مەسعوود شەمس‌نژاد وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: مەسعوود شەمس نژاد کاتژمێر ٦ی سەرلە ئێوارێی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان پاش ٣٤ رۆژ لە دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پارێزەرە کوردە بەهۆی بە ئەستۆ گرتنی پارێزەریی پەروەندەی حبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور، عەلی و حەبیبوڵڵا ئەفشاریان بە ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا تاوانبار کراوە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، مەسعوود شەمس نژاد بە پەیوەندی گرتن لە میدیاکانی دەرەوەی وڵاتیش تاوانبار کراوە، بۆیە ئەگەری ئەوە دەکرێ کە بەرەوڕووی حوکمی دادگا ببێتەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئەو پارێزەرە کوردە لە دادگایەکی عادڵانەدا دادگایی بکرێت و ئیزنی بەرگری کردنی پێ بدرێت، لە هەموو جۆرە حوکمێکی دادگا بێ بەری دەبێت، چونکە سەرجەم کارەکانی ئەو لە چوارچێوەی یاسای ئێراندا بووە و لەلایەن دادگاکانیشەوە رێگە پێدراو بووە.

مەسعوود شەمس نژادرێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانیەوە لە شاری ورمێ دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە راگوێزرا.