مەحکوومییەتی چوار چالاکی فەرهەنگیی کورد لە دادگای پێداچوونەوەی کرماشان کەم کرایەوە

12:24 - 12 خەرمانان 2720

حوکمی ٣٦ مانگ زیندانیی چوار چالاکی فەرهەنگیی کورد بە ناوەکانی "شەهریار تەهماسبی" خەڵکی کرماشان، "ئەردەشیر موسەوی" خەڵکی کرماشان، "مستەفا باقری ئاشنا" خەڵکی کەنگاوەر و "ئەرسەلان هیدایەتی" خەڵکی قورووە، لە دادگای پێداچوونەوەی کرماشان بۆ ١٦ مانگ زیندان کەم کرایەوە.

"شەهریار تەهماسبی" لەو پەیوەندییەدا لە وتووژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند، پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی دادگای سەرەتایی، حوکمی زیندانیکردنی ئەوان لە لقی ١٨ی دادگای پێداچوونەوەی کرماشان کەم کراوەتەوە.

لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان، هەر کام لەو چوار چالاکەی بە ٩ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، "شەهریار تەهماسبی، ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری ئاشنا"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و "ئەرسەلان هیدایەتی" ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕی هەمان ساڵ دەسبەسەر کرا.

ئەو چوار چالاکە فەرهەنگییە، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

"ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری ئاشنا" لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە ڕێکەوتی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧ هەتا ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەرمانانی ٩٧، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە "بێبەریکردنیان لە مافی یاسایی و خزمەتگوزاریی دەرمانی" لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان مانیان لە خواردن گرتبوو.