محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی كورد بە دمی دووراوەوە دەدوێ‌

21:01 - 25 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسیی كورد كە پاش 19 ساڵ هێشتا لە زیندانە لە وتووێژێك لەگەڵ یەكێك لە زیندانیانی سیاسیی هاوبەندی خۆی باسی بەسەرهاتی خۆی كردووە.

دەقی پوختەی ئەم دیمانە كە بەتایبەتی بۆ ئاژانسی كودپا نێردراوە، لێرەدا وەك خۆی بڵاو دەبێتەوە.

پرسیار: ئاغای نەزەری بەڕێزتان وەك زیندانیەكی سیاسی كەلە زیندانیی رەجایی شاری كەرەج ماوەی حوكمەكەتان تێپەڕ دەكەن، تكایە خۆتان بناسێنن و بڵێن چ رێكەوتێك دەستبەسەر كران؟
نەزەری: ئەمن محەممەد نەزەری ساڵی 1350ی هەتاوی لە شاری \"سایین قەڵا\"ی سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لە بنەماڵەیەكی زەحمەتكێش لەدایك بووم و سەرقاڵی كرێكاری بووم. رێكەوتی 8ی جۆزەردانی ساڵی 1373ی هەتاوی لە شاری بۆكان لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر كرام.

پرسیار: خێزاندارن یان سەڵت؟
نەزەری: سەڵت

پرسیار: بە چ لەونێ‌دەستبەسەر كران؟
نەزەری: من لە بۆكان دەژام و لە ماڵ بووم، یەكێك لە مەئموورانی ئیتلاعاتی سپا منی لەگەڵ خۆی برد.

پرسیار: ئەوكات چەند ساڵ تەمەنتان بوو؟
نەزەری: ئەوكات تەمەنم 23 ساڵ بوو.

پرسیار: بە چ تاوانێك دەستبەسەریان كردی؟
نەزەری: هاوكاری لەگەڵ حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران

پرسیار: ئاخۆ لەبیرتە بردتیانە چ شوێنێك؟
نەزرەی: بەڵێ‌، بنكەی \"سپای ئەبووزەڕ\" لە بۆكان بوو كە دوای 4 رۆژ منیان رەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی هەمان شار كرد.

پرسیار: چ ماوەیەك ئێوەیان لە ژوورە تاكەكەسییەكان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات هێشتەوە؟
نەزەری: لەبیرم نیە، بەڵام بۆ ماوەیەكی زۆر لەوێ‌مامەوە و لێپرسینەوەی زۆریان لێكردم.

پرسیار: مەئموورەكان بە چ شێوەیەك ئەشكەنجەیان كردی؟
نەزەری: بەڵێ‌، بە كابلی بەرق لێیان و هەر جارە كە لێپرسینەوەیان دەكرد، بە مشت و پێلاقە لێیان دەدام و شەوان لە پێلاقە لە دەرگای ژوورەكەیان دەدا بۆ ئەوەی نەتوانم بخەوم و ئازار و ئەشكەنجەی رۆحیان دەكرد.

پرسیار: ئێوە ئیدیعای ئەوە دەكەن كە دۆسیە بەدژتان كراوەتەوە؟ دەكرێ‌بە كورتی بۆمانی باس بكەی؟
نەزەری: هەموو پەروەندەكان درۆ بوون. ئەوان بەردەوام دەیانگوت كە بەتەمای تیرۆری مەئموورانی ئیتلاعات بووم، لە حاڵێكدا ئەم راست نیە و من ئەوانم نەدەناسی و تەنانەت ناویشیانم نەدەزانی، ئەمە درۆیەكی گەورە بوو كە بەو درۆیە دەیانەویست لەناوم بەرن.

پرسیار: لەكام دادگا دادگایی كرایت؟
نەزەری: بۆ یەكەم جار بردمیانە دادگای مەهاباد، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە ئەو دادگایە قازیی نەبوو، رەوانەی دادگای شۆڕشی شاری \"ورمێ‌\"یان كردم.

پرسیار: لەلایەن دادگاوە چ حوكمێتان پێدرا؟
نەزەری: بۆ یەكەم جار لە دادگای سەرەتایی شۆڕشی \"ورمێ‌\"دا لەلایەن قازی \"جەمیل زادە\"ەوە بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و هەروەها بە سازكردنی پەروەندی تیرۆر حوكمی ئیعدامیان پێدام. كە دادگاییەكەم كەمتر لە 20 خولەكی خایاند.

پرسیار: ئاخۆ پارێزەرتان هەبوو؟
نەزەری: پارێزەرم نەبوو، بەڵام قازی وتی، خۆمان پارێزەرت بۆ دیاری دەكەین كە بەرگریتان لێبكات، بەڕاستی منیش نەمەدزانی پارێزەری دەست نیشان كراو چیە. پێی وتم پارێزەرەكە هات و بەرگیی لێكردی و رۆیشت، بەڵام بۆ خۆم پارێزەرەكەم نەبینی.

پرسیار: جۆری هەڵسوكەوتی بەرپرسی دادگا لەگەڵت چۆن بوو؟
نەزەری: رەفتاری قازییەكە لەگەڵم زۆر خراپ بوو، چونكە هەموو ئەو تاوانە درۆیانەم رەت كردەوە و هیچكامیانم قبووڵ نەكرد، ئەوان لەباتی من نووسیبوویان و قازی داوای لێكردم كە تیرۆری 4 كەس لە مەئموورانی ئیتلاعات بگرمە ئەستۆ هەتا بتوانم یارمەتیت بكەم.

پرسیار: حوكمی ئیعدامەكەتان چۆ بوو بە زیندانی هەتاهەتایی؟
نەزەری: ساڵی 1378 كەوتمە بەر لێبوردن و حوكمی ئیعدامەكەم بوو بە زیندانی هەتاهەتایی.

پرسیار: بەڕێز نەزەری لە ماوەی ئەو ساڵانەی كەلە زیندان بوون لە هەمبەر رەوشی دۆسیەكەتان و ئەو حوكمانەی كە پێتانیان داوە، ناڕەزایەتییەكتان دەربڕیوە؟
نەزەری: بەڵێ‌، زۆرم هەوڵداوە، بەڵام بێهوودە بووە و وەڵامێكی ئیعترازەكانمیان نەدەداوە.

پرسیار: هەتا ئێستا نامەیەكت بۆ دادستان یان لێپرسراوانی قەزایی ناردووە؟
نەزەری: كاتێك لە زیندانی ورمێ‌بووم، زۆرم نامە نووسی، دیسان هیچ وەڵامێكیان پێنەدامەوە، بەڵام لەو كاتەوە كەلە زیندانی \"ورمێ\"یەوە بۆ زیندانی رەجایی شەهری كەرەجیان دوور خستمەوە كە ئێستا 4 ساڵ و نۆ مانگە لەم زیندانەم، بۆ دادستان یان دەزگای قەزایی نامەیەكم نەنووسیوە.

پرسیار: ئەو ماوەیە لە زیندانەكانی ورمێ‌و رەجایی شەهری كەرەج چۆنت تێپەڕاندووە؟
نەزەری: زۆر بە ئەستەم ئەم ماوەیەم گوزەراندووە، چونكە بەڕاستی من هیچ كارێكم نەكردبوو، كاتێك كە هاتمە ناو زیندانەوە زۆر گەنج بووم، بەڵام ئێستا بە تەواوەتی سەر و ریشم سپی بووە. هێندێ‌جار وا هەست دەكەم كە زۆر پیر بووم، چونكە بەڕاستی تێكشكاوم، زیاتر لە 19 ساڵ زیندانی لە زیندانەكانی ئێران.

پرسیار: لە ماوەی ئەم 19 ساڵەدا مورەخەسییان پێداوی؟
نەزەری: تەنانەت یەك رۆژیش مورەخەسییان پێنەداوم. 19 ساڵ بەدوور لە بنەماڵەكەم گوزەراندوومە.

پرسیار: ئاغای نەزەری ئێوە لە ساڵۆنی 19ی بەندی 4ی زیندانی رەجایی شەهری كەرەج بەند كراون. ئێستا مانت لە خواردن گرتووە، ئامانجت لەم مانگرتنە چیە؟
نەزەری: چارەنووسی دۆسیەكەم روون بێتەوە. بە بنەماڵەكەمیان وتووە دەبوا 19 ساڵ لەمەوپێش ئیعدام كرابا. ئەگەر بەتەما بوون ئیعدامم بكەن، بۆ ئەم كارەیان نەكرد. تەنانەت بنەماڵەكەم بۆ \"بەیتی رێبەری\" نامەیان نووسیبوو كە ئەم وەڵامە لەلایەن بەیتی رێبەرییەوە بوو كە دەبوا 19 ساڵ لەمەوپێش ئیعدام كرابا.

پرسیار: هەتا ئێستا چەندە بەسەر ماوەی مانگرتنەكەتاندا تێپەڕیوە؟
نەزەری: 19 رۆژ تێدەپەڕێ‌و لێپرسراوانی زیندان هەڵسوكەوتیان لەگەڵم خراپ نەبووە. تەنانەت بەرپرسی زیندان لەبەر هەلومەرجی من لەگەڵ دادستان قسەی كرد.

پرسیار: داخوازی راستیی ئێوە لە بەرپرسانی زیندان و لێپرسراوانی قەزایی چیە؟
نەزەری: ئازادی مافی منە. دەمهەوێ‌ئازاد ببم، ئیدی تاقەتی زیندانم نیە، یان دەبێ‌وەكوو \"مەهدی زالیە\" لە زیندان بمرم یان ئازاد بكرێم كە تەنانەت دمی خۆشم بە دەزوو كە نەتوانم شتێك بخۆم.

پرسیار: ئێستا باری جەستەیی و تەندروستیت چۆنە؟
نەزەری: زۆر خراپ، زەختی خوێنم هەر رۆژە دادەبەزێ‌. لەو ماوەیەدا كە مانم گرتووە، تەنیا دوو جار رەوانەی بێهدارییان كردووم.

پرسیار: باستان لەوە كرد كە 19 ساڵ لەمەوپێش پرەوەندەیان بۆ ساز كردووی، ئایا ئێوە سكاڵایەكتا لە هەموو بەرپرسان هەیە؟
نەزەری: چ بڵێم لەراستیدا بە ناڕەوا حوكمیان پێداوم، ئەم تاوانانە لە بنەڕەتدا درۆ بوون. ئەگەر 19 ساڵ لەمەوبەر من دسەتم داوەتە تیرۆر، بۆ ئیعدامیان نەكردم، بۆ باسێكیان لەو 4 كەسە مەئموورە ئیتلاعاتییە نەكردووە كە هەر بوونیان نیە، تەنیا مەبەستیان ئەوە بووە كە چارەڕەشم بكەن. تەنانەت قسەیان ئەمە بوو كە ئێمە بنەماڵەیەكی شیعە و شەهیدین. تەنیا مەبەسیتان ئەوە بوو كە ئەو درۆیانە بدەنە پاڵم. وتیان تۆ بنەماڵە شەهیدی و شیعەی، بۆ لەگەڵ \"دژبەرانی شۆڕش حیزبی دێمۆكرات\" پێوەندیت گرتووە. من شكایەتیم لێیان هەیە، چونكە بەبێ‌هیچ هۆیەك 19 ساڵ لە ژیان بێبەرییان كردووم.

پرسیار: لە ماوەی ئەم 19 رۆژەدا كە مانت لە خواردن گرتووە، نوێنەرێك لەلایەن دادستان یان دەزگای قەزاییەوە سەردانی هاتوونەتە سوراختەوە؟
نەزەری: بەڵی، نوێنەری دادستانی تاران، خودابەخشی هات و لە نووسینگەی لێپرسراوی زیندان لەگەڵم دیداری كرد، هیچ بەڵێنی و وادەیەكی پێنەدام كە هیوادارم بكات و گوتی: پەیجۆر دبم. ئاغای خودابەخشی لەباتی ئەوەی چارەنووسی ئەو 19 ساڵ زیندانیەی من روون بكاتەوە پێشنیاری مورەخەسی و گواستنەوەی داوە كە بە هیچ شێوەیەك قبووڵم نەكرد، پێم گوت یان مەرگ یان ئازادی.

پرسیار: ئاغای نەزەری وەك دوایین پرسیار، ئەگەر خەڵكی ئێران گوێ‌لە قسەكانتان رابرگن، چ پەیامێكتان بۆیان هەیە؟
نەزەری: من داوا لە هەموو خەڵكی ئێران دەكەم كە بۆ ئازاكردنم لە زیندان یارمەتیم بكەن، من نە تیرۆرم كردووە و خەباتی چەكدارانە، كە وایە 19 ساڵ زیندانی بەس نیە. من داوا لە هەموو مرۆڤدۆستان دەكەم كە فەرامۆشم نەكەن و یارمەتیم بكەن و دەستم بگرن كە لەمە زیاتر ستەمم لێنەكرێت، ئەم مانگرتنە هەتا رۆژێك ئازاد بكرێم، درێژەی هەیە.
تێبینی: ئەم وتووێژە رێك بەو چەشنەی كە بە ئاژانسی كوردپا گەیشتووە، بڵاو كراوەتەوە.