ماوەی دەسبەسەرکردنی "ئەفشین شێخولئیسلامی" دووبارە درێژ کرایەوە

17:56 - 11 خەرمانان 2720

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانان، ماوەی دەسبەسەرکردنی "ئەفشین شێخولئیسلامی"، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سنە، دووبارە درێژە کرایەوە.

"نگین شێخولئیسلامی" خوشکی ئەو چالاکە مەدەنییە لە وتووژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "ماوەی دەسبەسەرکردنی براکەم لەلایەن لقی دووی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە درێژ کراوەتەوە".

ناوبراو وتی: "تا ئێستا ناوەندە ئەمنییەتییە و دادوەرییەکان هۆکاری دەسبەسەرکردنی براکەمیان ڕانەگەیاندووە و لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئاگادار نین".

ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژ، ماوەی دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە لەلایەن لقی دووی لێپرسی دادسەرای سنە درێژ کرایەوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕ، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەسبەسەر کرابوو.

"ئەفشین شێخولئیسلامی ‌وەتەنی"، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٩٧ لە سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش یەک مانگ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە مەدەنییە لە دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" ٩١ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری بە حسێبکردنی ڕۆژی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم و باقیی زیندانییەکەی ئەو چالاکە مەدەنییە لەگەڵ چوار چالاکی دیکە لەو دۆسیەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەخشرابوو.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئەو چالاکە مەدەنییەی دانیشتووی وڵاتی ئامریکا بەهۆی داسەپاندنی حوکمی "ممنوع ‌الخروجی" بوونیەوە لەلایەن لقی دووی لێپرسی دادگای ئینقلابی سنە، هەلی گەڕانەوەی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی لە ئامریکا نەبووە.