ماوەی دەسبەسەرکرانی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی بۆ چوارەمین جار درێژ کرایەوە

12:37 - 22 خاکەلێوه 2721

ماوەی دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فەرزاد سامانی" و "ساکار عەینی"، خەڵکی مەهاباد، بۆ چوارەمین جار درێژ کرایەوە.

فارۆق سامانی، برای فەرزاد سامانی لەم پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە: "ڕۆژی شەممە ٢١ی خاکەلێوە، پاش سەردانی بنەماڵەکەمان بۆ دادگای ئینقلابی مەهاباد ئاگادار کراینەوە کە ماوەی دەسبەسەرکرانی براکەم فەرزاد و هەروەها ساکار عەینی، بۆ چوارەمین جار درێژ کرایەوە. زیاتر لە ٩٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ناوبراوان تێپەڕ بووە و درێژکردنەوەی بەردەوامی ماوەی دەسبەسەرکرانەکەیان، تەنیا و تەنیا بە واتای گوشار و ئەشکەنجەی زیاتر بە ئامانجی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە فەرزاد و سامانە".

فارۆق هەروەها وتوویەتی: "ئێمە بڕیارمان داوە کە سکاڵا دژی لێپرسی لقی ٣ و دادستانی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بەهۆی ئەشکەنجەی درێژماوە و هەڵسوکەوتی نایاساییانە لەگەڵ فەرزاد و سامان، تۆمار بکەین".   

ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانبار، فەرزاد سامانی لەگەڵ سوهەیب بادرووج، لە خەوتنگەی زانکۆی خاڕەزمی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەو خوێندکارەی قۆناغی کارناسیی باڵای کۆمەڵناسی، دوای دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، "ساکار عەینی"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا لە تاران، دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، ڕاگواستبوو.

ساکار عەینی، دەرچووی بەشی شارسازی لە زانکۆی "ورمێـ"ـیە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.

وێنە: فەرزاد سامانی و ساکار عەینی