مانگنامەی \"کرێکار\" بۆ رووماڵی رووداوە کرێکارییەکانی کوردستانی ئێران (خەزەڵوەر)

14:13 - 30 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەمانگی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاویدا، ١٢ کرێکار لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی رووداوی کار و رووداوەکانی دیکە بوونەتە قوربانی و لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ١١ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ خستنە رووی رێژەی گیان لەدەستدان و بریندار بوونی کرێکارانی کورد، مانگانە راپۆرتێک لەژێر ناوی \"مانگنامەی کرێکار\"‌دا بڵاو دەکاتەوە و لەو راپۆرتەدا بەراوردی رێژەی قوربانیانیش لەگەڵ مانگی پێشوو ( رەزبەر) دەکرێ‌.

لەماوەی مانگی خەزەڵوەردا ٤ کرێکار لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی روودای کارەوە بوونەتە قوربانی و هەروەها ٨ کرێکاری دیکەش بە هۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەست داوە.

مەرگی کرێکاران بەهۆی رووداوی کار

\"16920.jpg\"
لەمانگی خەزەڵوەردا ٣ کرێکاری کوردی خەڵکی شارەکانی سەردەشت، سنە و مەریوان لەکاتی کردندا و بە هۆی بەرق گرتوویی و بەربوونەوە لەبەرزایی گیانیان لەدەست داوە.

هەر لەو ماوەیەدا کرێکارێکی دیکەی کوردی خەڵکی شارستانی روانسەر بە هۆی رووداوی کارەوە بە توندی بریندار ببوو.

رێژەی مردنی کرێکاران لەحاڵی کارکردندا لەمانگی خەزەڵوەردا بە بەراورد لەگەڵ مانگی رەزبەر کەم بووە بە چەشنێک کە لەمانگی رەزبەردا ٤ کرێکار بە هۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست دابوو.

لەلایەکی دیکەوە رێژەی بریندار بوونی کرێکاران لەکاتی کار کردندا لەمانگەکانی خەزەڵوەر و رەزبەردا لە یەک ئاستدا بوون و بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە هەر کام لەو مانگانەدا تەنیا یەک حاڵەتی بریندار بوون تۆمار کراوە.

مەرگی کرێکاران بە هۆی رووداوی هاتووچۆ

\"16919.jpg\"
لەمانگی خەزەڵوەردا ٨ کرێکاری کورد بە هۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەست داوە کە ٧ کەسیان بەیەکەوە لە رووداوی هاتووچۆدا گیانیان لەدەست داوە.

لە کۆی ئەو ٨ حاڵەتە گیان لەدەست دانە، ٧یان لەکرێکارانی بەنداوی \"داریان\" و خەڵکی ئاوایی \"ناو\"‌ی سەر بە شارستانی سەوڵاوا بوون و رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر لە رێگای پاوە ـ بۆ گوندی ناوە لە شاری سەوڵاوا تووشی رووداوی هاتووچۆ هاتبوون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٨ کرێکار لەمانگی خەزەڵوەردا بە هۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەست داوە کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی رەزبەر ٦ حاڵەت چوونە سەری بەخۆیەوە بینیوە کە ئەو رێژەیە لەمانگی رەزبەری ٩٢دا، ٢ حاڵەت بووە.

بەگشتیی لەمانگەکانی رەزبەر و خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ١٩ کرێکاری کورد لەناوچەکوردنشینەکانی ئێران بە هۆی رووداوی کار و رووداوەکانی دیکە بوونەتە قوربانی.

\"16926.jpg\"
پێشێڵکردنی مافی کرێکارانی کورد

\"16921.jpg\"
بەوتەی چالاکانی کرێکاری و مافی مرۆڤ، کرێکارانی کورد سەرەڕای ئەوەی‌کە بە بەردەوامی تووشی رووداوی کار دەبن، هەڕەشەیەکی دیکەش بە ناوی \" دەرکردنیان\" لەسەرە و هەموو ساڵێک لە بەرەبەریی وەرزی سەرمادا بەشێک لەکارگە و کۆمپانیاکان، ژمارەیەک لەکرێکارانی خۆیان لەسەر کار دەر ئەکەن.

چالاکانی کرێکاری ئەوەشیان خستۆتە روو، ئەگەری ئەوە هەیە کۆمپانیای \"معتبر\" بەڕێوەبەریی تونیلی ئینقلابی سنە و خاوەنکارەکانی کانگای زێڕی \"زەرکان\"‌ی تیکاب بەشێک لەکرێکارەکانیان لەسەر کار دەربکەن.

بەپێی بەندی ١ لە یاسای گشتیی کرێکاری، ئەگەر خاوەنکار کرێکارێک بەر لە تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی لەسەر کار دەربکات، دەبێ‌قەرەبووی بکاتەوە و پێویستە‌مووچەی ماوەی گرێبەستەکەی ‌و هەروەها مووچەی دوو مانگیش وەکوو خزمەت بەو کرێکارە بدات.

لەلایەکی دیکەوە بە پێی مادەی ٢٦ لەیاسای کار، دەبێ‌خاوەنکار لەکاتی وەرگرتنی کرێکاردا شێوەی کار و کاتی کارکردنەکە بۆ کرێکار روون بکاتەوە و بەپێی مادەکانی ٧، ٨ و ٩ لە بەندی \"الف\"‌ی یاسای گشتیی کار و مافی کرێکار، هیچ خاوەنکارێک ناتوانێ‌بەبێ‌هۆ و بە بیانووی جۆراوجۆر کرێکار لەسەر کار دەربکات.

لەو بارەیەوە بەرپرسی \"خانە کارگر\" لە ئیلام بە هەواڵدەریی ئیلنای راگەیاندبوو، لەئێران یاسای کار وەکوو رەشنووسێک بوونی هەیە، بەڵام ئەوەی کە بوونی نیە جێبەجێ‌کردنی ئەو یاسایەیە و لەکاتی پەسند کردنی ( ٢٣ ساڵ لەمەوبەر) هەتا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە.