مانگرتنی هاووڵاتییان بۆ ناڕەزایەتی بە گرانبوونی بێنزین، شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشی گرتەوە

12:34 - 25 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: بەهۆی گرانبوونی بێنزین لەسەر بڕیاری حکوومەت، خەڵکی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات ناڕەزایەتییان دەربڕی.

شەوی هەینی ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵووەر، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شارەکانی سیرجان، مەشهەد  و ئەهواز، لە هەمبەر سێ بەرابەربوونی گرانیی بێنزین، هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ئەو ناڕەزایەتییانە شارەکانی تاران، کرمان، بەندەرعەباس و شیراز و چەند شارێکی دیکەی ئێران گرتەوە و لەو پەیوەندییەدا، بەهۆی شەڕ و تێکەڵچوونی هاووڵاتییان لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان لە شاری سیرجان، هاووڵاتییەک بە ناوی "جەواد نەزەری فەتح ‌ئابادی"، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەزەڵوەر بە بڵاوبوونەوەی بێنێرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، داوا لە هاووڵاتییان کرابوو کە لە سەرتاسەری شارەکانی ئێراندا، ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، مانگرتنی گشتی بەڕێوەبچێت.

شۆفیران و ماشیندارانی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە زۆربەی شارەکانی ئیلام، کرماشان، شائاباد،  سەرپێڵ زەهاو، جوانڕۆ، گیلان غەرەب، کامیاران، سنە و مەریوان، دەستیان بە مانگرتن کرد و ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر گرانبوونی بێنزین دەربڕی.

هاووڵاتییان لە مەریوان و سنە، شەقامە سەرەکییەکانی نێو شارەکانیان داخستووە.

دوکاندارانی مەریوان، بە نیشانەی پشتیوانی لە مانگرتووان دووکانەکانیان داخستووە.