مامۆستایەکی قوتابخانە خەڵکی شنۆ بەهۆی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان زێدی خۆی بەجێهێشت

11:07 - 7 خەرمانان 2720

"شەیدا(نیشتمان) ڕەسووڵ دنخه" مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێ،  بەهۆی گوشاری هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارە، بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

ئەو هاووڵاتییە دوای ئەوەیکە بانگهێشتی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەکرێت هەڕەشەی دەستدرێژی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە،  لێ دەکرێت.

ناوبراو پێشتریش چەندین جاربانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ کرابوو و داوای لێکرابوو کە برایەکی بە ناوی "جەماڵ ڕەسووڵ دنخه" کە ئەندامی یەکێک لە حیزبە دژبەری حکوومەتی ئێرانە بیگەڕێنێتەوە ناوخۆ، بەڵام بەهۆی هاوکاری نەکردنی ئەو مامۆستایە بەهۆی گوشارەکان ناچار بوو زێدی خۆی بەجێ بێڵێت.

"شەیدا" مامۆستای باخچەی ساوایان لە گوندی "سەرگیز" بووە و ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە سەرقاڵی وانەوتنەوە بە منداڵان بووە.

ئەو هاووڵاتییە لە زانکۆی "ئازاد"ی پیرانشار سەرقاڵی خوێندن لە بەشی کارناسیی باڵا لە بەشی "پەروەردە و بارهێنانـ"ـدا بووە.

ئێستا ئەو هاووڵاتییە لە یەکێک لەو وڵاتانی دراوسێ نیشتەجێیە.