مامۆستایەکی ئایینیی کورد بانگهێشتی دادگای پێداچوونەوەی ڕووحانییەتی شاری تاران کرا

10:49 - 26 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دادگای پێداچوونەوەی ڕووحانییەتی شاری تاران، مامۆستایەکی ئایینیی کوردی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستا "محەممەد خزرنژاد"، مامۆستای ئایینیی گوندی "ناچیتـ"ـی شاری بۆکان، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕووحانییەتی شاری تارانەوە بانگهێشت کراوە.

بانگهێشتکردنی ئەو مامۆستا کوردە، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی ناوبراو بە حوکمی زیندانیبوونەکەی لەلایەن لقی ٩ی دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی شاری تەورێزەوە بووە.

دادگای پێداچوونەوەی تایبەتی ڕووحانییەتی شاری تاران، مامۆستا "خزرنژاد"ی بۆ پێداچوونەوەی دووبارەی دۆسیەی ناوبراو، بانگهێشت کردووە.

مامۆستا "خزرنژاد"، دەبێ کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر، لە دادگای پێداچوونەوەی شاری تاران ئامادە بێت.

لقی ٩ی دادگای تایبەت بە ڕووحانییەتی شاری تەورێز، مامۆستا "محەممەد خزرنژاد"، پێشنوێژی گوندی "ناچیت" سەر بە بۆکانی به ١٥ مانگ زیندانیی تەعزیری و چوار ساڵ زیندانیی تەعلیقی مەحکووم کردبوو.

دادگای تایبەت بە ڕووحانییەت لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندایە و بەرپرسی سزادانی قەزایی ئەو مامۆستایانەیە كە ڕەخنەگر یان دژبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانن.