مامۆستایەکی ئایینی لە ورمێ دەسبەسەر کرا

11:39 - 5 خەرمانان 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، مامۆستا حەسەن جەنگخا، مامۆستایی ئایینی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو مامۆستا تەمەن ٢١ ساڵەیان، بەهۆی ڕەخنە گرتن لە بەرپرسانی حکوومەتی دەسبەسەر کردووە. ئەو چالاکە مەزهەبییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکیی تەبلیغی دەکرد.

سەرەڕای بەدواچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەو پەیوەندییەدا، خۆ دەبوێرن.

مامۆستا حەسەن جەنگخا، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکار و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو مامۆستایە لە ورمێ، هێچ زانیارییەک لەبەردەستدا، نییە.

ئەو مامۆستا کوردە، ساڵی ٩٨ لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.