مامۆستایانی ئایینی، پێشنوێژی مەزگەوتەکان و ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلیس، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی" بوون

13:01 - 22 رەزبەر 2720

ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی، پێشنوێژی مەزگەوتەکان، مامۆستایانی شارەکانی سنە، مەریوان و کامیاران و هەندێک لە نوێنەرانی مەجلیس، لە نامەیەکدا، بۆ بەرپرسی دەزگای دادوەری، داوایان لە ناوبراو کردووە کە ئیعادەی دادڕەسیی "حەیدەر قوربانی" لەلایەن ئەوانەوە وەربگیرێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلیس لەو نامەیەدا بۆ بەرپرسی دەزگای دادوەری، خوازیاری ڕاگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی"، زیندانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام و دووبارە پێداچوونەوەی دۆسیەکەی بوون.

لە بەشێکی نامەی مامۆستایانی ئایینی و پێشنوێژی مەزگەوتەکان و هەروەها ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلیسدا هاتووە:

ئێمە وەک مامۆستایانی ئایینی، پێشنوێژی مەزگەوتەکان و مامۆستایانی حوجرەکانی زانستی ئایینیی کوردستان بە عەرزتان ڕادەگەیەنین کە بنەماڵەیەکی ناسراو لە ناوچەی کامیاران کە لە ڕابردوودا، بە دڵ و بە گیان سەردانی شوێنە ئایینییەکانیان کردووە، بەو پێیە کە سەردانی شوێنە ئاینییەکان کردووە و پەیوەست بوون پێیەوە، ئێمە ناسیاوتیمان لەگەڵیان هەبووە، داوای یارمەتیدان لە جەنابتان بۆ کوڕەکەیان "حەیدەر قوربانی" دەکەین کە لەلایەن دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی بەغی بە ئێعدام و لە هەمان کاتدا بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی ٣ کەس بە ٩٠ ساڵ زیندان مەحکووم  کراوە و ئەو حوکمەش لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە.

ئێمە پێش لەوەی دەست بە داوێنی ئێوە بین، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی تەواومان لە بارودۆخی ناوبراو و تۆمەتی داسەپاوی کردووە و بۆمان ڕوون بووەتەوە کە حەیدەر قوربانی هیچکات لە هیچ گرووپ و حیزبێکی دژبەری نیزام، ئەندام نەبووە و بەو پێیە هیچ دژبەرییەکی نەبووە.

ئێمە وەک مامۆستایان چاوەڕوانیمان لە ئێوە هەیە بە لەبەرچاوگرتنی حوکمی داسەپاو کە پێکناکۆکە لەگەڵ یاسا و ڕێساکانی شەریعەت، بڕیاری جێبەجێنەکردنی حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بدەن و پێداچوونەوە دووبارەی بە دۆسیەکەی بکەنەوە.

مامۆستایانی ئایینی دوو مەرجیان بە پێویست زانیوە بۆ سزای بەغی:

١- کەسێک چەکدار بووە و لە بەربەرەکانێ دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەک کەڵکی وەرگرتووە. ناوبراو هیچ جۆرە دانپێدانانێکی چەکداریی نەبوو و لە چەک کەڵکی وەرنەگرتووە و هەروەها هۆکارێکی دیکە لە دۆسیەکەی ڕوون نییە.

٢- کەسێک لە گرووپێکی باغی ئەندامیەتیی بووبێت، بەپێی ناسیاویی ئێمە و ڕاپۆرتی دادگا، تۆمەتلێدراو لە تەواوی قۆناغی دادڕەسییەکەی ئەندامیەتیی خۆی لە گرووپی چەکداری ڕەت کردووەتەوە و بەپێی کتێب و سوننە و یاسا، هەر کاتێک ئەندامێکی گرووپی باغی پێش لە شەڕ و تێکەڵچوون و کەڵکوەرگرتن لە چەک، دەسبەسەر کرابێت، سزای ئەو زیندانییە تەعزیرییە.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، دیوانی باڵای وڵات ئیعادەی دادڕەسیی "حەیدەر قوربانی زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە گرتووخانەی سنەی ڕەت کردبووەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ، تەئیدی حوکمی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات لە قوم ڕاگەیەندرا.

پاش تەئیدکردنی حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی، پارێزەری دۆسیەی ناوبراو، داوای بەدواداچوون لە لقی هاوتەریب لە دادگای ئینقلابی سنەی کرد.