لەگەڵ دەسپێكی وەرزی نوێی خوێندن، ئەستاندنی پارە لەقوتابیانی شاری مەهاباد دەستی پێکردەوە

15:32 - 2 رەزبەر 2713
ئاژانسی كوردپا: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەهاباد بەسەرجەم قوتابخانەكانی ئەو شارەی راگەیاندووە، دەبێ لەگەڵ دەسپێكی وەرزیی نوێی خوێندن پارە لەقوتابیان وەربگیرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ژومارەیەكی بەرچاو لەقوتابخانەكانی شاری مەهاباد لەسەر بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بە قوتابییانیان راگەیاندووە: \"دەبێ‌هەرقوتابییەک بڕی ٢٥٠هەزار تمەن پارە بە قوتابخانەكانیان بدەن\".

بەرپرسانی پێوەندیدار ئەوەشیان خستۆتە روو، ئەو بڕە پارەیە بەمەبەستی دابین كردنی كەلوپەلی خوێندن لە قوتابیان وەردەگیرێت.

یەكێک لە بنەماڵەی ئەو قوتابیانەی كە داوای پارە لە منداڵەكەی كراوە بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند: \"من بۆ خۆم هیچ كار و پیشەیەكم نیە و جاروبارە كاری سەر سنوور دەكەم و زۆر بەئەستەم دەتوانم مانگانە ٢٠٠هەزار تمەن بەدەست بێنم\" بۆیە بە هیچ شێوەیە ناتوانم ئەو پارەیەی كە قوتابخانەكان داوایان كردووە پێیان بدەم و هاوچەشنی من كە توانای دانی ئەو پارەیەیان نیە زۆرن\".

ساڵی رابردووی خوێندنیش بە شێوەیەكی بەربڵاو لە شارەكانی كوردستان پارە لەقوتابیان وەرگیراوە و زۆر جار ئەو پارە وەرگرتنە لە وەرزی سەرمادا بەبیانووی دابین كردنی سووتەمەنی بۆ گەرم كردنی پۆلەكان بووە.

حكوومەتی ئێران و ناوەندە پێوەندیدارەكان لەكاتێكدا پارە لە قوتابیان وەردەگرن، كە لەوڵاتانی رۆژئاواو و بەشێكیش لەوڵاتانی رۆژهەڵاتدا، سەرجەم پێداویستییەكانی قوتابیان لەلایەن دەوڵەتەوە دابین دەكرێ‌و تەنانەت بڕە پارەیەكیش وەكوو یارمەتی مانگانە بە قوتابیان ئەدرێت.

لەلایەكی دیكەوە هەر قوتابییەک ساڵانە بڕە پارەیەكی بە ناوی \"هەزینەی ساڵانە\" لەئێراندا هەیە و پێویستە لێپرسراوانی قوتابخانەكان بۆیان خەرج بكەن، بەڵام نە تەنیا ئەو بڕە پارەیە بە قوتابیان نادرێت، بەڵکوو زۆر جار قوتابیان بەهۆی نەدانی پارەوە لە قوتابخانە دەرکراون یان بە ناچاری دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.