لەچارەسەریی پزیشکی جەلال ناسری لە دەرەوەی زیندان رێگری دەکرێت

17:24 - 28 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد لە ناردنی زیندانییەکی سیاسیی کورد بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان خۆ دەبوێرن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی سیاسیی کورد بەناوی \"جەلال ناسری\" کەلە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد راگیراوە، لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە رێگری لە چوونی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندان دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو زیندانی ناوەندیی شاری مەهابادەوە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: چاوەکانی جەلال ناسری \"کەم بینا\" بوون و هەتا ئێستاش چەندین جار داوای لە بەرپرسانی زیندان کردووە کە بۆ چارەسەریی رەوانەی دەرەوەی زیندان بکرێت، بەڵام هەموو جارێک لەگەڵ دژایەتیی بەرپرسانی زیندان بەرەوڕوو بۆتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، زۆرێک لە زیندانیانی سیاسیی مەهاباد بەهۆی خراپیی و ناستاندارد بوونی خواردەمەنیی نێو زیندان تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون.

پێشتریش ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد رێگرییان لە بەشداری کردنی \"جەلال ناسری\" لە تاقیکردنەوەکانی \"پێش دانشگاهی\"دا کردبوو.

جەلال ناسری رێکەوتی ١٦ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٠ هاوڕێ لەگەڵ براکەی خۆی بەناوی \"جەماڵ ناسری\" لە ماڵی خۆیاندا لە شاری بۆکان دەستبەسەر و دواتریش لە رێکەوتی ١٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١دا بە دانانی بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا حوکمی ئەو زیندانییە کوردەی بۆ ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کردەوە و ناوبراو هەنووکە ماوەی ٢٣ مانگە لە زیندانی شاری مەهاباد راگیراوە.