لەوانەیە موجاهیدینی خەلق بۆ دەرەوەی‌ عێراق بگوازرێنەوە

19:44 - 18 رەشەمه 2711
كوردپا: رێكخراوی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ چارەكردنی‌ پرسی‌ بردنەدەرەوەی‌ ئەندامانی‌ موجاهیدین لە عێراق و دۆزینەوەی‌ وڵاتی‌ سێیەم سەرەتای مانگی خاكەلێوەی ساڵی 1391دا كۆنفرانسێك، بەڕێوە دەبات.

لێپرسراوی‌ نووسینگەی‌ كۆمیساریای‌ باڵای پەنابەرانی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغدا، كلێر بورژوا، رایگەیاندووە، رێكەوتی 23ی‌ ئازاری 2012ی زایینی (3ی خاكەلێوەی 1391ی هەتاوی) بە مەبەستی بەڵێن وەرگرتن لە هەندێ وڵات وەربگیرێت بۆ نیشتەجێ‌ كردنی‌ ئەندامانی‌ موجاهیدینی خەلق، لە ژێنێڤ كۆنفرانسێك بەڕێوە دەچێت.

بەپێی‌ راپۆرتی‌ ئاژانسەكان، نەتەوەیەكگرتووەكان هەوڵ دەدات لەم كۆنفرانسەدا رەزامەندیی‌ چەند وڵاتێك وەربگرێت بۆ قبووڵ‌كردنی‌ ئەندامانی‌ موجاهیدین و گواستنەوەیان لە وڵاتی‌ عێراق.

هەوڵەكانی‌ رێكخراوی‌ نەتەوەیەكگرتووەكان لەحاڵێك دایە كە لێپرسراوی‌ موجاهیدین، مریەم رەجەوی‌، داوای‌ كردووە ئەندامەكانیان بۆ كەمپێكی‌ سەر سنووری‌ عێراق و ئوردون بگوازرێنەوە.

حكوومەتی‌ بەغدا، لە ساڵی‌ 2008، كۆنترۆڵی‌ كەمپی‌ ئەشرەفی‌ لە هێزەكانی‌ ئەمەریكا وەرگرت و داوای‌ كرد تا كۆتایی‌ ساڵی‌ 2011 ئەندامانی‌ موجاهیدین لە عێراق ببرێنە دەرەوە. دواتر لەسەر داوای‌ نەتەوەیەكگرتووەكان ئەو ماوەیە بۆ ماوەی چەند جار درێژ كرایەوە.

لە مانگی‌ رابردوودا بەپێی‌ رێككەوتنی‌ ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان، نزیكەی‌ 300 كەس لە ئەندامانی‌ كەمپی‌ ئەشرەف گواسترانەوە بۆ كەمپی‌ لیبرتی لە نزیك بەغدا و بەپێی بەیاننامەیەكی تازەی خودی موجاهدینیش لە رۆژانی رابردووشدا 400 كەسی دیكەشیان بۆ ئەو كەمپە گوازراونەتەوە و بڕیارە لەو كەمپەوە رەوانەی وڵاتی‌ سێیەم بكرێن.