لەماوەی ٩٠ رۆژدا زیاتر لە سێ‌هەزار پەنابەری ئێرانی روویان لەئورووپا کردووە

17:26 - 18 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی سێ‌مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی سێ‌هەزار و ٢٦٥ ئێرانی داوای مافی پەنابەرییان لەوڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا کردووە.

بەپێی راپۆرتی \"یورواستات\" کە ئۆفیسی سەرەکیی یەکیەتیی ئورووپایە، لەماوەی وەرزی بەهاردا نزیک بە١٠٠ هەزار پەناخواز داوای مافی پەنابەرییان لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە و ئەو رێژەیە بە نیسبەت ساڵی پێشوو لەسەدا ٥٠ زیادی کردووە.

لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە سێ‌هەزار و ٢٦٥ کەسیان هاووڵاتیی ئێرانی بوون و زۆربەیان بە هۆی کێشەی سیاسی و نەبوونی دەرەتانی ژیان و هەلی کار پەرتەوازەی وڵاتانی ئورووپایی بوونە.

\"15945.jpg\"
هەر لەو پێوەندییەدا یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ ٦٠%‌ی داواکاریی ئێرانییەکان بە مەبەستی پەنابەری رەزامەندی دەربڕیوە.

ئەو رێژە ئێرانیانەی کە پەرتەوازەی وڵاتانی ئورووپایی بوون و داوای مافی پەنابەرییان کردووە نێوەنجی تەمەنیان لەنێوان ١٨ هەتا ٣٤ ساڵ دایە و ژنان ٤٥%‌ی پێکهێنەرانی ئەو پەنابەرانەن.

لەنێو وڵاتانی جیهاندا ئاڵمان و فەرانسە زۆرترین داواکاریی پەنابەرییان هەبووە و ٦٧%ی پەنابەرانی ئێرانی لە فورمەکانیاندا داوای نیشتەجێ‌بوون لەئاڵمانیان کردووە.

حەشیمەتی ئاڵمان زیاتر لە ٨٠ میلیۆن کەسە و لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە نزیک بە ٧ میلیۆنی هاووڵاتیانی پەنابەر و بیانین.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وڵاتی ئاڵمان، لەحاڵی حازردا ٨٠ هەتا ٩٠ هەزار ئێرانی بە پاسپۆرتی فەرمیی ئاڵمان و پەنابەریی، لەو وڵاتە ژیان بەسەر دەبن و بەو پێیە ئاڵمان بە پێنجەمین وڵات بە مەبەستی وەرگرتنی پەنابەرانی ئێرانی دێتە ئەژمار.

بەپێی کۆنوانسیۆنەکانی ژنۆ کە لە ساڵی ١٩٥١‌دا پەسند کرا، پەنابەر بەکەسێک دەوترێ‌کە بە هۆی کێشەی سیاسیی، رەگەزی و عەقیدەتی ناچار بکرێ‌وڵاتی خۆی بەجێ‌بێڵێت.