لەشاری شنۆ میچی بینایەک بەسەر ژنێکی بەساڵاچوودا رووخا + وێنە

15:13 - 16 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەشاری شنۆ میچی خانوویەک بە هۆی کۆنی و رزینی دارەکانییەوە بەسەر پیرێژنێکی تەمەن ٨٦ ساڵەدا رووخا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەرام پووردەستە ناوی ئەو ژنە بەساڵاچوویەیە کە ماوەی چەندین ساڵە بە تەنیا لەبینایەکی کۆنی یەکێک لەگەڕەکەکانی شاری شنۆدا، ژیان بەسەر دەبات.

ئەو پیرێژنە دوای ئەوەی کە میچی ماڵەکەی بەسەریدا رووخا، سەرجەم کەلوپەڵەکانی هێناوەتە دەرەوە و بەرپرسانی کۆمیتەی ئیمداد سەردانیان کردووە و ٧٠٠ هەزار تمەنیان وەکوو قەرز بە مەرام پووردەستە داوە.

یەکێک لە ماڵپەرە ناوچەییەکان بڵاوی کردۆتەوە، ئەو پیرێژنە مانگانە ٤٠ هەزار تمەن پارە لە کۆمیتەی ئیمداد وەردەگرێت و هەنووکە مانگانە بڕی ٢٠ هەزار تمەنی وەکوو دانەوەی قەرزەکەی لێ‌دەگێڕنەوە.

ئەم وەرگرتنەوەی قەرزە لەحاڵێکدایە کە ئەو ژنە کوردە هیچ داهاتێکی نیە و هیچ کەسێکیش سەرپەرشتیی ئەو ژنە ناکات.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی بانگەشی پشتیوانی لە کەسانی هەژار و کەم داهات دەکات و تەنانەت لەم ساڵانەی دواییدا گەڵاڵەی \" قانون حمایت خانوادە\" لەمەجلیسیش پەسەند کرا و لەو بارەیەوە چالاکانی کۆمەڵایەتیی رایان وابوو، ئەو گەڵاڵەیە تەنیا لەبواری تیوریدا ماوەتەوە و نەچۆتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ لەمەوبەر لەهەواڵەکاندا ژیانی بنەماڵەیەکی نەغەدەیی کە ئاوارە ببوون خرابووە روو.

لەحاڵی حازردا بنەماڵەیەکی چوار کەسی نەغەدەیی بە هۆی دەسکورتی و نەبوونی سەرپەنایەک بۆ ژیان، بەناچاری لە کەلاوە و بینا روخاوەکانی دەورووبەریی شارەکەدا ژیان بە سەر دەبن و ناوەندە پێوەندیدارەکان هیچ ئاوڕێکیان لێ‌نەداونەتەوە.
\"15874.jpg\"

\"15875.jpg\"