لە ژنێڤ کۆنفڕانسێک لەسەر پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران بەڕێوە دەچێت

14:30 - 11 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: کۆنفڕانسێکی تایبەتی بە بەشداریی ئەحمەد شەهید و شیرین عێبادی لەسەر مەسەلەی ژنان، هەڵاواردنی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و هەروەها پرسی کۆڵبەرانی کورد لە شاری ژنێڤی وڵاتی سویس بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی رەشەممە کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان کۆنفڕانسێکی تایبه‌ت به‌به‌شداری د. ئه‌حمه‌د شه‌هید نوێنه‌ری تایبه‌تی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و شیرین عیبادی براوەی خه‌ڵاتی ئاشتی نۆبێل، له‌سەر پرسی مافی مرۆڤ له‌ وڵاتی ئێران بەڕێوە دەبات.

ئەو کۆنفڕانسە چەندین تەوەرەی وەک: سته‌م و جیاوازی دانان دژی که‌مینە‌نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌کان له‌ئێران، ئێعدام، پرسی ژنان و هەروەها نیشاندانی کورته‌رێپۆرتاژێک لەلایەن \"ژیار گوڵ\" ریپۆرتێری کاناڵی تەلەفزیۆنی \"بی‌بی‌سی\" له‌سه‌ر پرسی کۆڵبه‌رانی کورد، لەخۆ دەگرێت.

ئەو کۆنفڕانسە هاوکات له‌گه‌ڵ ٢٢هه‌مین خولی کۆبوونه‌وه‌کانی شوورای مافی مرۆڤ لە هۆڵی ژمارە ٢٣ی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووکان له‌ژنێڤ بەڕێوە دەچێت.