لە شاری سنە، ٨ کەس بەهۆی خواردنەوەی مەشروب گیانیان لەدەست دا + هەواڵی تەکمیلی

20:52 - 7 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ٨ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووبی ناستاندارد گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارێی رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رەشەممە، ٥٠ هاووڵاتیی خەڵکی سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووبی ناستاندارد باری تەندروستییان تێکچووە و بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ٨ کەسیان پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست داوە و سەرجەم ئەو کەسانەی دیکە بەهۆی ژەهراوی بوونی لەشیانەوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.

ناسنامەی ٥ کەس لە گیان لەدەست داوان ستار حوسێن پەناهی، ئەحمەد رۆستەمی، نەجمەدین ساعدپەنا، کیومەرس رووحوڵڵایی و حەمید راگەیەندراوە و ٨ کەسی دیکەشیان چاوی خۆیان لەدەست داوە.

هەروەها باری تەندروستی ٣ کەسیان بەناوەکانی \"رامین غوڵامیاری تەمەن ٤٤ ساڵ، خوسرەو پەروانە تەمەن ٥٤ ساڵ و پارسا فەراسەت یار تەمەن ٢١ ساڵ\" ناجێگر راگەیەندراوە و زۆربەی ئەو کەسانەی دیکە گورچیلەکانیان لەدەست داوە.
هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی گیان لەدەست داوان لەو رێژەیەش زیاترە و نێونجی تەمەنیان لە نێوان ٣٠ ساڵ دایە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی مردن بەهۆی خواردنەوەی مەشرووب لە وڵاتی ئێران ٢ بەرابەر رووی لە زیاد بوون کردووە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا ٦ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووب مەسمووم بوون و کەسێکیان بەناوی \"ئومید محەممەدی\" کوڕی عەباس گیانی لەدەست دابوو.

هاووڵاتیانی خەڵکی سنە لەسەر ئەو باوەڕەن کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی کۆمەڵێک لە دەست و پێوەندییەکانی خۆی لەو شارە لە شوێنێکی تایبەت پاش دەستکاری و ژەهراوی کردن مەشرووباتی ئەلکولی، بە لاوانی ئەو شارەی دەفرۆشنەوە.