لە شاری سایین قەڵا بە بیانووی كۆكردنەوەی ماهوارە، ماڵی هاووڵاتییان دەپشكنن

16:23 - 22 خاکەلێوه 2712
كوردپا: هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بوونی ماهوارە، هێرشیان كردۆتە سەر گوندی \"ئینگیجە\"ی سەر بە ناوچەی \"هۆڵەسوو\"ی شاری سایین قەڵا و دەستیان كردووە بە پشكنینی ماڵان و ئەزیەت و ئازاری هاووڵاتییان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە سایین قەڵا، رێكەوتی 20ی خاكەلێوە هێزێكی زۆری نیزامیی حكوومەتی ئێران، بە بیانووی بوونی دەزگای ماهوارە رۆیشتوونەتە گوندی\"ئێنگیجە\"ی سەر بە شاری سایین قەڵای پارێزگای ئازرەبایجانی رۆژئاوا و وێڕای ئازار و ئەشكەنجەی خەڵك ماڵەكانیان پشكاندووە و 15 دەزگای ماهوارەیان زەوت كردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری شایەتحاڵانەوە رایگەیاندووە، لە كاتی پشكنینی ماڵی هاووڵاتییاندا تێهەڵچوون لە نێوان خەڵك و هێزە نیزامییەكاندا رووی داوە.

شەپۆلێكی تر لە گەڵاڵەی كۆكردنەوەی ماهوارە لە كاتێكدا لە ناوچە كوردنشینەكان دەستی پێكردۆتەوە، كە ئەحمەدڕەزا رادان جێگری هێزی ئینتزامیی حكومەتی ئێران رایگەیاندووە: گەڵاڵەی ئاسایشی كۆمەڵایەتیی و ئەخلاقی لە دەسپێكی وەرزی بەهاردا توندتر دەكرێتەوە و یەكیان گەڵاڵەی كۆكردنەوەی دیشی ماهوارەكانە.
ئەو لێپرسراوە كاناڵە ماهوارییەكانی بە\" بەلاڕێدا بردنی بیرورای لاوان\" وەسف كرد و وتی: \"دەنگ و رەنگی حكوومەتی ئێران بەرنامەكانی زۆر لە كاناڵە ماهوارییەكان سەرنجڕاكێشترە\".