لە سەقز خوێندکارێک بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا

15:48 - 3 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی رووداوی کارەوە لە دووکانی پەنچەرگیریی خۆیان گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"بێهزاد ئەردەڵان\" تەمەن ٢٠ ساڵ، کوڕی فەردین و خەڵکی شاری سەقز کەلە دووکانی پەنچەرگیریی خۆیان سەرقاڵی کار کردن بوو، بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا.

بێهزاد ئەردەڵان خوێندکاری زانستگەی \"پەیام نوور\"ی شاری سەقز و یەکێک لە وەرزشکارە ناسراوەکانی رشتەی وەرزشی کوشتیی ئەو شارە بووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هاوکات باوکی ئەو خوێندکارەش بە توندی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەقز کراوە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین راپۆرت و هەواڵ لەمەڕ کار کردنی خوێندکاران و وەرزشکارانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ئاژانسی کوردپا بڵاو کرایەوە کە بۆ دابین پێداویستییەکانیان روویان لە کۆکردنەوەی کارتۆن و ئاسنەواڵە کردبوو.