لە سالڕۆژی رۆژنامەگەریی كوردیدا لە سۆران، فێستیڤاڵیكی فەرهەنگی بەڕێوە دەچێت

20:46 - 23 خاکەلێوه 2712
كوردپا: كتبخانەی گشتیی سۆران و نووسینگەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی سۆران، بە هاوكاریی قایمقامیەتی سۆران، بە بۆنەی سەد و سیزدەیەمین ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی كوردی و رۆژی جیهانیی كتێب، فێستیڤاڵێكی فەرهەنگی لە شارۆچكەی سۆران لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

ئیسماعیل ئیبراهیم رواندزی ئەندامی لێژنەی باڵای فێستیڤاڵ، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاندووە، رێكەوتی 2ی بانەمەڕ (22ی ئاوریل) ، بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی و هەروەها رێكەوتی 3ی بانەمەڕ (23ی ئاوریل)، لە رۆژی جیهانی كتێبدا، فێستیڤاڵێكی گەورە لە شارۆچكەی سۆران ساز دەكرێت و ماوەی یەك هەفتە بەردەوام دەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە، لەو فێستیڤاڵەدا چەندین چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن و جگەلە كردنەوەی پێشانگای كتێب و هونەری فۆتۆگرافی كۆڕی دیالۆگ و سیمینار و شێعر خوێندنەوە رێك دەخرێت.

ئەندامی لێژنەی باڵای فێستیڤاڵ وتیشی: بڕیار وایە چەند گەشتێك بۆ ناوچە شوێنەواری و گەشت و گوزارییەكانی دەڤەری سۆران ئەنجام بدرێن و نزیكەی هەزار پارچە شوێنەواری ئەو دەڤەر بۆ میوانان بەرچاو بخرێنە روو.

ئەوەیشی ئاشكرا كرد، چەندین كەسایەتیی ئەدەبی، فەرهەنگیی و هونەری لە هەرچوار بەشی كوردستان و ئورووپا بۆ فێستیڤاڵ بانگهێشت كراون، و شاعیران \"شێركۆ بێكەس، عەبدوڵڵا پەشێو و قوباد جەلی زادە و هونەرمەندانی گۆرانیبێژ برادەر، بەهجەت یەحیا، گولستان و حەمەرەئوف كەركووكی و چەندین كەسایەتیی دیكەی دەبنە میوانی فێستیڤاڵ\".

رواندزی ئاماژەی بەوەش كرد شارۆچكەی سۆران كە سەر بە پارێزگای هەولێرە، یەكەم جارە فێستیڤاڵێكی لەو ئاستە تێیدا ساز دەكرێت.

سەد و دوازدە ساڵ لەمەوبەر ساڵی ١٨٩٨ لەسەر دەستی بنەماڵەی ناودار و فەرهەندۆستی بەدرخانەکان و بەتایبەت \"مێقداد مێدحەت بەدرخان\" لە قاهیر پایتەختی وڵاتی میسر یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی \"کوردستان\" بە فەرمی یەکەم ژمارەی چاپ و بڵاو کرایەوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئەم رەوتە چەندین قۆناغی جۆراوجۆری بڕیوە.