لە دە مانگدا 57 حاڵەتی قەتڵ لە ئازەربایجانی رۆژئاوا رووی داوە

18:56 - 18 بەفرانبار 2711
كوردپا: لێپرسراوی پۆلیسی ئازەربایجانی رۆژئاوا وتی: لە ماوەی دە مانگی رابردۆوە هەتا ئێستا 57 حاڵەتی قەتڵ لەو پارێزگایە رووی داوە.

سەرهەنگ رەسووڵ ئەلنەقی پوور لە كۆنفرانسێكی خەبەریدا وێڕای ئاماژە بە 57 حاڵەتی قەتڵ لە سەرەتای ساڵەوە لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا، وتی: لەو رێژەیە 22 حاڵەت بە چەكی گەرم، 17 حاڵەت بە چەكی سارد، 5 حاڵەتی خنكاندن و 13 حاڵەتی دیكەش بە شێوەی جۆراجۆر روویان داوە.

لێپرسراوی پۆلیسی ئاگاهیی فەرماندەیی هێزی ئینزامیی ئازەربایجانی رۆژئاوا راشیگەیاندووە، بكوژەكان تەمەنیان لە نێوان 25 هەتا 60 ساڵ دایە و سەرجەم 44 كەسن و یەك كەسیان ژنە.

ئەو بەرپرسەی ئینتزامی وتوویەتی: لەو ماوەیەدا ورمێ‌ زۆرترین رێژەی ئاماری قەتڵی هەبووە و شارەكانی میاندواو و \"خۆی\"ش هەركام بە روودانی 11 قەتڵ دووهەمین شارن كە لەباری روودانی قەتڵەوە لە قەڵەم دراون.

ئەلنەقی پوور ئەوەشی خستۆتە روو، لەو ماوەیەدا لە شارەكانی شووت، پولدەشت، چالدوران، تیكاب و پیرانشار هیچ حاڵەتێكی قەتڵ رووی نەداوە و ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە 8 حاڵەتی دیكەی قەتڵ شناسایی كراون، بەڵام بكوژەكان هەڵاتوون.