لە جوانڕۆ ژنێك ئاوری لە جەستەی خۆی بەر دا

14:49 - 6 رێبەندان 2711
كوردپا: لە رۆژانی رابردوودا ژنێكی كوردی خەڵكی گوندی \"ملە پاڵنگانە\"ی سەر بە شاری جوانڕۆ لە پارێزگای كرماشان ئاوری لە جەستەی خۆی بەر دا.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە جوانڕۆ، فەریدە فەتاحی تەمەن 23 ساڵ بەهۆی كێشەی بنەماڵەییەوە لە گوندی ملە پاڵنگانە ئاوری لە جەستەی خۆی بەر داوە كە زیاتر لە 90%ی جەستەی سووتاوە و دوكتورەكان لە دەرمان كردنی نائومێد بوون و جوابیان كردووە.

فەریدە فەتاحی 2 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئامۆزایەكی خۆی ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و خاوەن منداڵێكە.

هەر بەپێی ئامارەكانی خودی ئێران پارێزگاكانی ئیلام، كرماشان و كوردستان زۆرترین رێژەی خۆكوژی ژنان تێیاندا روو دەدات.

ئێران لەنێو وڵاتانی جیهاندا لەمەڕ خۆكوژیی ژنان پلەی سێهەمی هەیە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاژانسی كوردپا، لەسەرەتای ساڵی ١٣٩٠ەوە هەتا ئێستا١٦ حاڵەتی خۆكوژی لە ناچە كوردنشینەکانی ئێران رووی داوە.

ئاماری راستەقینەی ئەم دیاردەیە دەكرێ‌ لەوەش زیاتر بێت.