لێبووردنی نێونەتەوەیی: بەرپرسانی ئێرانی ڕاستییەکانی تایبەت بە ئێعدامی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" ڕابگەیەنن

11:36 - 11 پووشپەڕ 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کرد کە ڕاستییەکانی پەیوەندیدار بە ئێعدامی نهێنیی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی کورد ڕابگەیەنێت و تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکاتەوە.

ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ئێرانی تووشی تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ دژی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و بنەماڵەکەی بوون.

ئەو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ دووپاتی کردووەتەوە: "لە تەنیشت بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، ڕادەوەستین، ئەمە مافی ئەوانە کە ڕاستییەکان بزانن".

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە شاری شنۆ جێبەجی کرا.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، خەڵکی شنۆ، ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٤٩ ڕۆژ پاش شەڕی نێوان پێشـمەرگەکانی حدکا و سپای پاسداران لە گوندی قەرەسەقەل بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بە تۆمەتی "بغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بەسەر "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"دا سەپاند.

 ئەو حوکمە لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووەوە و دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دووبارە ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرابوو.

دادگاییکردنی دووبارەی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم کراوە بە ئێعدام، ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە ئامادەبوونی نوێنەری دادستانی شاری ورمێ بەڕێوە چوو و ناوبراو بۆ دووەمین جار بە ئێعدام مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو.

دۆسیەی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" پاش بڕینەوەی حوکمەکەی لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەوانەی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، پشتڕاست و حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.