لاوێكی خەڵكی سەلاسی باوەجانی لە عێراق خۆی تەقاندەوە

14:11 - 3 جۆزەردان 2712
كوردپا: لاوێكی تەمەن 23 ساڵ و خەڵكی شاری تازاوا(سەلاسی باوەجانی) كە سەر بە گرووپی ئیسلامییە توندئاژۆكان بووە، لە وڵاتی عێراق خۆی تەقاندۆتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی 2‌ی جۆزەردان كەسێك بەناوی فەرهاد ئەحمەدی تەمەن23 ساڵ كوڕی محەممەد و دانیشتووی شاری \"تازاوا\"ی سەر بە پارێزگای کرماشان لە وڵاتی عێراق خۆی تەقاندۆتەوە و گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی كەسێكی نزیك لە بنەماڵەی ئەو لاوەی خەڵكی سەلاس، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی عێراقەوە هەواڵی خۆ تەقاندنەوەی فەرهاد ئەحمەدی بە بنەماڵەكەی راگەیەنراوە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش ئەیووب بەقایی تەمەن 22 ساڵ و دانیشتووی گەڕەكی \"حاجی ئاوا\"ی شاری سەقز لە وڵاتی ئەفغانستان خۆی تەقاندبووە.
\"4632.jpg\"
نزیك بە دوو مانگ لەمەوبەریش شۆڕش قاسمی\" دانیشتووی گەڕەكی پشت شارەوانیی سەقز لە وڵاتی پاكستان خۆی تەقاندبۆوە.

هەروەها ماوەیەك لەمەوبەریش پێنج هاووڵاتیی كوردی خەڵكی جوانڕۆ پاش زیاتر لە 5 مانگ لە ناڕوونیی چارەنووسیان، لەناو گرووپی ئەلقاعیدە بەهۆیەكی ناڕوون كوژراون.

ماوەی چەند ساڵێكە ژمارەی لایەنگرانی رێكخراوە توندئاژوە ئیسلامییەكان لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران رووی لە زیاد بوون كردووە و زۆر جار لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەكانی دیكە بەهۆی جیاوازیی بیرۆڕاوە كێشە و ناكۆكییان لێ‌پەیدا دەبێ.