لاوێكی خەڵكی سەلاس باوەجانی بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا

14:56 - 24 خاکەلێوه 2712
كوردپا: لە رۆژانی رابردوودا لاوێكی كوردی خەڵكی بەخشی \"ئەزگەلە\"ی سەر بە شاری سەلاس باوەجانی لە شاخی \"بەمۆ\" لەسەر سنووری ئێران و هەرێمی كوردستان كەوتۆتە سەر مین و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لوقمان كوڕی حەسەن تەمەن 26 ساڵ و خەڵكی بەخشی ئەزگەلەی سەر بە شاری سەلاس باوەجانی لە پارێزگای كرماشان كەلە شاخی بەمۆ لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان سەرقاڵی بژیوی ژیان بووە، كەوتووە بەسەر مینی چێنراودا و هەر دوو لاقی پەڕیوە و پاش ماوەیەك گیانی لەدەست داوە.

هەواڵنێری كوردپا لە درێژەدا رایگەیاندووە، پاش ئەو رووداوە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارەدەیی \"مەیدان\"ی سەر بە شارۆچكەی دەربەندیخان تەرمەكەیان بردۆتە دەربەندیخان و لێكۆڵینەوە لەو رووداوە دەستی پێكردووە.

بەهۆی زۆریی مینی چێنراو لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران و بەتایبەت سەرسنوورەكان ساڵانە بەدەیان رووداوی تەقینەوەی مین روو دەدات و هاووڵاتییانی كورد كەم ئەندام یان دەبنە قوربانی.

رووداوی تەقینەوەی مین لە ناوچە كوردنشینەكان زیاتر كرێكاران، كۆڵبەران و بەتایەبت منداڵان دەگرێتەوە.

\"4165.jpg\"

لە تازەترین حاڵەتی تەقینەوەی میندا رێكەوتی 4ی خاكەلێوەی ئەمساڵ لە گوندی \"كەچەڵ میان\"ی شاری سەقز بەهۆی تەقینەوەی مین دوو منداڵی كورد بەناوەكانی زانیار و سەیوان تەمەن 7 و 8 ساڵان كەم ئەندام بوون.

بەپێی ئامار و زانیارییەكان 6 میلیۆن هێكتار لە خاكی ئێران بە مین ئالوودەیە كە سەرجەم 16 میلیۆن مین لە سەرانسەری ئێران هەیە.

چوار پارێزگای كوردنشینی ئیلام، كرماشان، كوردستان و ئیلام بەهۆی هەلومەرجی تایبەت و سنووریی بوون زیاترین رێژەی مینی چێنراویان هەیە و زیاترین رووداوی مینیش لەو چوار پارێزگایە روو دەدات.