لاوێکی شنۆیی بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا

11:11 - 23 خەرمانان 2720

لاوێکی کورد بە ناوی "یوونس خزری" کوڕی "مستەفا"، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "پووش ئاوێـ"ـی شنۆ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە کوردە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانان، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزراوە و هەنووکە لە بەندی تەلاشدایە.

مانگی گەلاوێژ ئەو لاوە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو. هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی‌ وەپاڵدراوی ئەو هاووڵاتییە ناڕوونە.