قاسم ئەحمەدی حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی بۆ پشتڕاست کرایەوە

18:33 - 28 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا:رۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ-ـوە حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ ئەرێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قاسم ئەحمەدی رۆژنامەنووس و چالاکی فەرهەنگیی شاری مەهاباد کە پێشتر لەلایەن دادگای ئەو شارەوە بە تاوانی \"هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەدژی نیزام\" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، سەرئەنجام دادگای پێداچوونەوەی ورمێ حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ ناوبراو پشتڕاست کردەوە.

\"15465.jpg\"
قاسم ئەحمەدی رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد
ئەو رۆژنامەنووسە کوردە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهابادەوە هاوڕێ لەگەڵ مەنووچێهر پۆڕدڵ دەستبەسەر و پاش ١٦ رۆژ لە دەستبەسەر کران بە سپاردنی بارمتەیەکی ٥٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

قاسم ئەحمەدی یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی و هەروەها سەرنووسەری پێشووی وەرزنامەی خوێندکاریی \"رۆژەڤ\" بوو کە لە زانکۆی تاران بڵاو دەکرایەوە، ئەو وەرزنامەیە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن بەرپرسانی کاروباری فەرهەنگیی زانکۆی تارانەوە پێش بە وەشانی گیرا.

لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی رۆژنامەنووسانی کوردا، مەسعوود و خوسرەو کوردپوور لە رۆژانی ١٧ و ١٩ی مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران.