فەرماندەی هەنگی سنووری ورمێ، سێ کاسبکاری کوژراو لە سەردەشت بە سنووربەزێن ناوبرد

11:37 - 13 خەرمانان 2720

فەرماندەی سنوورپارێزەکانی پارێزگای ورمێ، باسی لە کوژرانی سێ کەس لە بەرزاییەکانی شاری سەردەشت لە ناوچەی قەدەغەکراو کرد و ئەو سێ کاسبکارە کوردی بە سنووربەزێن ناوزەد کرد.

یەحیا حوسێن‌خانی ڕایگەیاندووە: "سنوورپارێزەکانی هەنگی سنووریی سەردەشت، لەگەڵ سێ سنووربەزێن لە ناوچەی قەدەغەکراو، تووشی شەر بوونه و  لە ئاکامدا، ئەو سێ کەس کوژران''.

ئەو فەرماندە نیزامییە، بۆ پاساوهێنانەوەی کوژرانی ئەو سێ کاسبکارە کوردە، ڕایگەیاندووە: "لە ڕاستای پاڕاستنی ناوچە سنوورییەکان و قەدەغەبوونی ئەو ناوچەیه، سێ کەس لە سنووربەزێنەکان کوژراون".

ئەو بەرپرسە نیزامییە هەروەها ڕایگەیاندووە: "پێشتر سێ کەس لە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی لەلایەن یەکێک لە هێزە کوردییەکان لەو ناوچەیە کوژران و هێزە سنوورپارێزکان بە لەبەرچاوگرتنی یاسای بەکارهێنانی چەک و ئاگادریی پێویست، تەقەیان لەو سێ کەسە کردووە".

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانان، سێ کاسبکاری کورد بە ناوەکانی "زانست حەسەن‌نژاد، سروش مەکاری و زانکۆ ئەحمەدی" خەڵکی شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری ئەو شارە، گیانیان لەدەست دا.