بەرپرسێکی نیزامیی سپای پاسداران لە ورمێ هێرش بۆ سەر بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پشتڕاست کردەوە

18:10 - 15 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ، حەبیب شەهسواری، فەرماندەی سپای شوهەدای پارێزگای ورمێ، لە کۆبوونەوەیەکی خەبەری جارێکی دیکە هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیونی حکوومەتی ئێران کرد و رایگەیاند، ئەگەر پێویست بێت لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتیک، وڵامێکی توندی دژبەرانی شۆڕش لەو دیوی سنوورەکان دەدینەوە.

ئەو فەرماندەی سپای ورمێ، بە ئاماژەکردن بە مووشەکباران‌کردنی بنکەی پێشـمەرگەکانی کوردستان ئیدعای کردووە کە ئەو هێرشە مووشەکیانە پێشگیرانە و پێشدەستانە بووه لە ڕاستای پەشیمانکردنەوەی حیزبە کوردییەکان لە بەرنامەکانیان.

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژ، بنکەکانی هێزی پێشـمەرگەی کوردستان لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج.

لەو هێرشە ڕاکێتییەدا زیانی ماددی بە یەکێک لە بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەیشت.

سپای پاسداران پاش هێرشی مووشەکی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچە شاخاوییەکان، خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقی تۆپباران کرد و خەسارێکی زۆریان بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاند.