فەرماندەی سنوورپارێزەکانی حکوومەت، کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی لەلایەن هێزەکانیانەوە ڕەت کردەوە

12:11 - 15 گەلاوێژ 2720

فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی ئێران، تەقەکردن لە کۆڵبەرانی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە ڕەت کردەوە و ڕایگەیاندووە: "ئەوە تۆمەتگەلێکن کە دژبەرانی شۆڕش لە هێزە نیزامییەکان دەدەن".

هەواڵدەریی "تەسنیم" لە زاری "عەلی ‌ئەحمەد گودەرزی"، فەرماندەی سنوورپارێزەکانی حکوومەت بڵاوی کردەوە، تەقەکردن لە کۆڵبەران پڕوپاگەندەی دژبەرانی شۆڕشن و هێزە نیزامییەکان پشتیوانی کۆڵبەرانن.

فەرماندەی سنوورەپارێزەکانی حکوومەت هەروەها وتوویەتی: "سنوورپارێزەکان ناتوانن بە کەس یان گرووپێکی چەند کەسی کە شەوانە و بە شێوەی نایاسایی سنوورەکان دەبەزێنن، ئیزنی هاتوچۆ بدات، چوونکە ڕوون نییە ئەو کەسانە بە چ ئامانجێک هاتوچۆ دەکەن و چ جۆرە شتومەکێکیان پێیە".

ئەو بەرپرسە نیزامییە هەروەها ڕایگەیاندووه: "لە ئەگەری بچووکترین کەمتەرخەمی لەلایەن سنوورپارێزەکان و پارێزەرانی ئەمنییەت، دوژمنان و دژبەرانی شۆڕش دزە دەکەنە نێو وڵات و نائەمنی پێک دێت، بۆیە بە هەموو هێزمانەوە سنوورەکان دەپارێزین".

لێدوانی ئەو بەرپرسە نیزامییەی حکوومەت لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، یەک هەزار و ٢٠  کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژراون و بریندار بوون.