فەرمانداری پێشووی شاری سەردەشت دوای میوانداریەتی لە "عارف" دەستبەسەر کرا

14:20 - 20 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی شۆرای بەرەی موشارکت ئازەربایجانی رۆژئاوا و فەرمانداری پێشووی سەردەشت لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری نەغەدە دەستبەسەر کرا.

\"ئیسماعیل میرزایی\" هاووڵاتیی ئازەری زمانی و خەڵکی شاری نەغەدە بەهۆی میوانداریەتی لە \"محەممەد رەزا عارف\" پاڵێوراوی پۆستی سەرکۆماریی ئێران، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی دەستبەسەر کرا.

\"13217.jpg\"
محەممەد رەزا عارف، پاڵێوراوی پۆستی سەرکۆماریی ئێران
کەماڵ حوسێنی هاوکاری فەرمیی \"ئاژانسی موکریان\" وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو فەرماندارەی پێشووی شاری سەردەشت هەنووکە لەگەڵ \"مەسعوود کوردپوور\" رۆژنامەنووسی زیندانی کراوی کورد لە زیندانی ئیتلاعاتی سپای ورمێ لە دەستبەسەری دایە.

حوسێنی ئەوەشی خستەروو، کە چەند رۆژ پێش ئایستا \"محەممەد رەزاعارف\" لە رووبەڕووبوونەوە تەلەفزیۆنییەکدا پاش گەڕانەوە لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئاماژەی بەدەستبەسەر کرانی \"ئیسماعیل میرزایی\" کردووە کە بەهۆی لایەنگری لەبەرەی رێفۆرمخوازەکان دەستبەسەر کراوە.

دەگوترێت چەند رۆژ پێش ئێستا \"محەممەد رەزا عارف\" بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن سەردانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواو ماڵی \"ئیسماعیل میرزایی\" بەرپرسی شۆرای بەرەی موشارکەتی ئازەربایجانی رۆژئاوای لە شاری \"نەغەدە\"ی کردبوو کە پاش گەڕانەوەی ئەو پاڵێوراوەی پۆستی سەرکۆماریی ئێران، ئیسماعیل میرزایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئیسماعیل میرزایی هەنووکە ئەندامی شۆرای ناوەندیی بەرەی موشارکەتی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوالە شاری نەغەدە و پێشتریش لە دەورانی سەرکۆماریی \"محەممەد خاتەمی\"دا فەرمانداری شارەکانی سەردەشت و شنۆ بووە.