فیلمێكی كوردی بەشداری لە "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گۆڵف"ی ئیمارات دەكات

21:39 - 24 خاکەلێوه 2712
کوردپا: فیلمی دیكیۆمێنتی \"بەكرێگیراوی سپی\" لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد \"تەها كەریمی\" بەشداری لە پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی \"گۆڵف\" لە وڵاتی ئیمارات دەكات.

بەپێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیلمی \"بەكرێگیراوی سپی\"، فیلمی دیكیۆمێنتی \"بەكرێگیراوی سپی\" لە دەرهێنانی \"تەها كەریمی\" لە یەكەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا و بە ئامادە بوونی ئەم سینەماكارە بانەییە لە بەشی پێشبڕكێی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی \"گۆڵف\" لە وڵاتی ئیمارات نمایش دەكرێت.

ئەو فیستیڤاڵە بە نمایشی كۆمەڵێك فیلمی بڵیندی سینەمایی و دیكیۆمێنتاری، كورتە فیلمەكانی چیرۆكی، ئەنیمەیشێن، ئەزموونی و دیكیۆمێنتی لە سینەماكارانی وڵاتانانی جۆراوجۆری ناوچەكە لە چەندین بەشی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێدا لە رۆژانی 22 هەتا 28ی خاكەلێوە( 10 تا 16ی ئاوریلی 2012 ) بە سەرپەرستیی \"مەسعوود ئەمروڵڵا\" لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوە دەچێت.

\"4175.jpg\"


ئەندامانی لێژنەی داوەریی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی \"گۆڵف\" بریتین لە: \"جەواد ئەلئەسەدی\" دەرهێنەر لە عێراق، \"عەبدوڵڵا ئەلئەیاف\"، دەرهێنەر لە عەرەبستان، \"جەماڵ مەتەر\" دەرهێنەر لە كوەیت، \"جۆكا پیكالاكسۆ\" رخنەگر و ئەندامی ئاكادیمیای فیلمی ئوورووپا، \"عیسام زەكەریا\" رۆژنامەنووس و توێژەری سینەما لە میسر و \"جەماڵ سەلیم\" بەرپرسی دەزگاكانی راگەیاندن لە ئیمارات.

كۆمپانیای سینەمایی \"ستاك فیلمی سنە\" بە سەرپەرستیی سینەماكاری كورد \"ستار چەمەنی‌گوڵ\" و خاتوو \"ڤیدا ساڵحی\" كە فیلمی دیكیۆمێنتی \"بەكرێگیراوی سپی\" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاو دەكاتەوە، بە 5 فیلمی دیكە لە سینەماكارانی كورد و ئێرانی لە بازاری فیلمی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی \"گۆڵف\" ئامادە دەبێت، لەوانە: كورتە فیلمی \"دەنگی باران\" لە دەرهێنانی \"جەلال ساعیدپەنا\" لە شاری سنە، كورتە فیلمی \"رۆیشتن\" لە دەرهێنانی \"سالم سەڵەواتی\" لە شاری سنە، كورتە فیلمی \"داڵیا\" لە دەرهێنانی \"شاخەوان عەبدوڵڵا\"لە شاری سلێمانی، كورتە فیلمی \"ئاوێنە\" لە دەرهێنانی \"هەوراز محەمەد\" لە شاری سلێمانی و كورتە فیلمی \"ئەو\" لە دەرهێنانی \"مورتەزا سەبزقەبا\" لە شاری تاران.

\"4173.jpg\"

فیلمی دیكۆمێنتی \"بەكرێگیراوی سپی\" گێڕانەوەی پیاوێكی جێی رامانە بە ناوی \"سەعید جاف\" كەلە عەمەلیاتی بنبڕكردنی كوردەكانی عێراق بە ناوی \"ئەنفال\" لەلایەن رێژێمی بەعسەوە بە سەرۆكایەتیی \"سەدام حوسێن\"، فەرماندەی یەكێك لە لەشكرەكان بووە.

ئەو لەو بڕوایە دایە كە گیانی هەزاران كەسی لە مردن رزگار كردووە و ئێستا خۆی بەبێ تاوان دەزانێت.

\"سەعید جاف\" لە دیكیۆمێنتی \"بەكرێگیراوی سپی\"دا بە كامێرایەكی ڤیدیۆیی سەردانی گوندەكانی ناوچەی بادینان لە هەرێمی كوردستان دەكات و یەك بە یەك، شاهیدەكانی خۆی دەبینێتەوە، ئەوان لە بەرامبەر كامێراكەی خۆی دادەنێت و لە چۆنیەتیی رزگار بوونیان پرسیار دەكات.

\"4174.jpg\"

دیكۆمێنتی بڵندی 66 خولەكی \"بەكرێگیراوی سپی\" كە دوای كورتە فیلمەكانی \"زریان\"، \"سنووری ژیان\"، \"كوێستانی سپی\"، \"نەوت شێرپەنجەی شارەكەم\" و فیلمی سینەمایی \"كوێستانی قەندیل\"، نوێترین بەرهەمی \"تەها كەریمی\" دەرهێنەری كوردی بانەیی دێتە ئەژمار، ساڵی پار بە هاوكاریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ـ بەڕێوەبەرایەتیی سینەمایی سلێمانی، بە كامێرای وێنەگری لاوی كورد \"سەركێو مسگەری\" لە هەرێمی كوردستان وێنە گیراوە.

هەروەها \"ئارش رەسافی\" ـ مۆنتاژ، \"عەلی وەفایی\" ـ دەنگ هەڵگر، \"ئەوین شەریفی\" ـ وێنەگری فۆتۆگراف، \"عومەر محەمەد\" ـ راوێژكار، \"عەبدولرەحمان محەمەد\" ـ بەرپرسی بەرهەم، \"حوسێن هۆمایوونفەر\" ـ بەرپرسی پلان، \"مەنسوور جیهانی\" و \"مەنووچێهر جیهانی\" ـ بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی ئەم فیلمە بوون و هەروەها ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای دیكیۆمێنتی و ئەزموونی ئێرانیش بەرهەمهێنەری ئەم فیلمەی لە ئەستۆ بووە.