فاتمە دادوەند بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا

18:01 - 16 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژ، فاتمە دادوەند، هاووڵاتیی بۆکانی کە لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ دەسبەسەر و بە زیندان مەحکووم کرابوو، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرا.

یەکێک لە نزیکانی فاتمە دادوەند لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، ڕاگواستنی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بۆ تێپەراندنی ماوەی زیندانییەکی بۆ زیندانی ورمێ پشتڕاست کردەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە دوو دۆسیەی جیاجیادا، لە دادگای کەیفەریی بۆکان و مەهاباد بە ٥ ساڵ و ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری و لێدانی ٣٠ زەربە قامچی مەحکووم کرابوو.

فاتمە دادوەند ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لە لقی ١٠٣ دادگای ئینقلابی کەیفەریی ٢ی بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر "مەهدی تەقی‌زادە" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی بە ئاژاوەنانەوە و کەشفی حیجاب" دادگایی و لەو دادگایەدا، لە تۆمەتی‌ وەپاڵداروی کەشفی حیجاب بێتاوان ناسراو و بە تۆمەتی تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتیی بە ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری و لێدانی ٣٠ قامچی مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە بۆکانییە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی وڵات" لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەواد غوڵامی" دادگایی و سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیرییەکی بە پارێزەرە دیاری کراوەکەی ڕاگەیاندرابوو.

فاتمە دادوەند ڕێکەوتی ٢٥ خەزەڵوەری ساڵی ٩٨،  لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی لە هەمبەر گرانیی بێنزین دەسبەسەر کرابوو و بە دانپێنانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی ڕووحی دابوو و پاش چەند ڕۆژ، دانپێنانی زۆرەملێی ناوبراو لە هەواڵەکانی ٢٠:٣٠ لە شەبەکە ٢ی دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران، بڵاو کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزراو و ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

فاتمە دادوەند کچی دەروێش تەمەن ٤٢ ساڵ خاوەنی سێ منداڵە.