عەباس جەماڵی: برایانی کوردپوور پاش ٣ مانگ لێپرسینەوەیان لێنەکراوە

15:58 - 19 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: پەروەندەو چارەنووسی مەسعوود و خوسرەو کوردپوور دوو برای رۆژنامەنووسی زیندانی کراو، پاش ٣ مانگ لە دەستبەسەر کران بە ناڕوونی ماوەتەوە.

عەباس جەماڵی پارێزەری برایانی کوردپوور لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: پاش ٣ مانگ لەدەستبەسەریی مەسعوود و خوسرەو کوردپوور سەرەڕای ئەوە کە چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای شاری مەهابادمان کردووە، ئیزنی چاوپێکەوتنیان بە من نەداوە.

\"13203.jpg\"
عەباس جەماڵی ،پارێزەری برایانی کوردپوور
جەماڵی ئەوەشی خستەڕوو کە حەفتەی رابردوو خوشکە گەورەی برایانی کوردپوور بە تەنیا توانیویەتی بۆ ماوەیەکی کوردت چاوی بە براکانی بکەوێ و کوردپوورەکان ناڕەزایەتیی قوڵیان سەبارەت بە دۆخی خۆیان دەربڕیوە و داوایان لە سەرجەم رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە لەو پەیوەندیەیدا بێ دەنگ نەبن.

جەماڵی راشیگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان هەتا ئێستا تاوانی مەسعوود و خوسرە کوردپووریان رانەگەیاندووە و بەپێی وتەی ئەو دوو برا رۆژنامەنووسە لەماوەی دەستبەسەر کرانیانەوە هەتا ئیستا لێپرسینەوە(بازجویی)یان لێ‌نەکراوە.

هەروەها ماوەی دەستبەسەریی ئەو دوو برا رۆژنامەنووسە ٢ جار لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە درێژ کراوەتەوە.

رێکەوتی ٣٠ خاکەلێوە خوسرەو کوردپوور رۆژنامەنووسی کورد و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونیی پەروەندەکەی مانی لە خواردن گرتبوو کە پاش ٢٥ رۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

رێکەوتی ١٧ و ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی خوسرەو و مەسعوود کوردپوور لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران.