شەپۆلی پارازیت لە دیواندەرە بۆتە گرفت لەبەردەم کاناڵە كوردییەكان

20:28 - 2 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێکە بە هۆی شەپۆلێكی بەربڵاوی پارازیت كە بۆ سەر شاری دیواندەرە رەوانە دەكرێت، کەناڵە كوردییەكان بە هیچ شێوەیەک نابینرێن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە دانێشتوانی شاری دیوواندەرە، لەگەڵ دەستپێکی ئێوارێ‌و وەشانی کەناڵە کوردییەکان، شەپۆلی پارازیت وەشانی ئەو کەناڵانە بەرەوڕوی گرفت دەکاتەوە.

بە وتەی ئەو هاووڵاتییە لەگەڕەکی \"فازی دوو\"ی شاری دیواندەرە بە درێژایی شەو وەشانی کەناڵە ماهوارەییەکان دەپچڕێن و هاوڵاتییان لە زۆربەی گەڕەکەکانی شار بەرەوڕووی ئەم گرفتە دەبنەوە.

ناردنی شەپۆلی پارازیت لە کاتێک دایە کە بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ئەنجام دراون، نەتەنیا هاووڵاتییان تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوە کە منداڵان بە نوقسانی و ناكامڵی لە دایک ببن و زۆربەی ئەو منداڵانەش تووشی دواکەوتووی مێشکی دەبن.

ماوەی چەندین ساڵە هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستان بە مەبەستی ناردنی شەپۆلی پارازیت بۆ سەر کاناڵە ئاسمانییەکان، دەزگای ناردنی شەپۆلی پارازیتیان دامەزراندووە کە ئەمە راستەخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆرپەڵەی نێو سکی دایک هەیە و لە زۆربە حالەتەکانیشدا زووتر لە پێ و مانگی خۆیان لە دایک دەبن.

رێکەوتی ٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ ٢ منداڵی لفە دوانەی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشاخانەی شاری جوانڕۆ، بەهۆی کاریگەریی نەرێنیی شەپۆلی پارازیت، گیانیان لەدەست دا.