شیرین عیبادی نامەیەکی بۆ کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان نووسی

12:24 - 3 بانەمەڕ 2722

شیرین عیبادی، مافناس و براوەی خەڵاتی نۆبێل داوای لە کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە سەفەری نوێنەری تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە خەساری گەمارۆکان بۆ ئێران، گرێ بدرێت بە ئیزنی سەفەری ڕاپۆرتێرانی تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ ئێران.

دەقی نامەی شیرین عیبادی بۆ کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەم چەشنەیە:

خاتوو میشێل باشلە کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان 

لەگەڵ ڕێز

لەکاتێکدا کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕووی لە خراپی کردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمێژ ساڵە لە ئیزندان بە هاتنی ڕێپۆرتێرانی تایبەتی مافی مرۆڤ خوی بواردووە و ئامادەی شەفافییەت لەو بوارەدا نییە.

لەوەها بارودۆخێکدا، هاوفیکری کراوە کە نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە خەساری گەمارۆکان سەردانی ئێران بکات و سروشتییە وەها سەردانێک بەپێی داخوازیی کۆماری ئیسلامی ڕووی داوە، چوونکە دەیهەوێ پەرەسەندنی هەژاری لە ئێران بۆ گەمارۆکان بگەڕێنێتەوە، ئەوە له کاتێکدایە کە گەندەڵیی ئیداریی سیستماتیک لە ئێران و ئیختلاسی زۆر گەورە و هەروەها سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەتی لە چڵ ساڵی ڕابردوودا نابێت لەبیر بکرێت.

بەو پێیە خوازیارین لە تەواوی ئیمکانانی یاسایی خۆتان کەڵک وەربگرن هەتا سەفەری نوێنەری تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە خەساری گەمارۆکان گرێ بدرێتەوە بە ئیزنی سەفەری ڕێپۆرتێری تایبەتی مافەکانی مرۆڤ و تا هەر دوو پێکەوە سەردانی ئێران بکەن و ڕوانگەیەکی تەواو لە ڕووداوەکانی ئێران بۆ قەزاوەتکردن به بەرپرسانی نێونەتەوەیی پێشکەش بکەن.

 بەرپرسی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ 
شیرین عیبادی 
١ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١

ڕۆنووس بۆ: سکرتێری بەڕێزی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران