شوناسی دوو کەس لە کوژراوانی مەریوان و جوانڕۆ ڕوون بووەوە

11:34 - 27 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: شوناسی دوو کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازیی خەڵکی شارەکانی مەریوان و جوانڕۆ کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا بە تەقەی مەئموورانی حکوومەتی گیانیان لەدەستداوە، ڕوون بووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، "بێهروز مەلەکی" کوڕی هاشم خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە و دانیشتووی "کانی دینار"ی شاری مەریوان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بە گرانبوونی بێنزیندا بە تەقەی مەئمووراونی حکوومەتی گیانی لە دەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران بووە و تا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممە یەکێک لە ناڕەزاییانی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی "موبین عەبدوڵلاهی" تەمەن ٢٦ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی "شوانکارە"ی شاری ڕوانسەر بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە گۆڕەپانی بەسیجی شاری جوانڕۆدا گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، هێزەکانی سپای پاسداران و هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە ئاستی شارەکانی کوردستان جێگیرن و لە زۆربەی شارەکاندا حکوومەتی نیزامی ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە شارەکانی سنە، کرماشان، بۆکان و مەریوان بەڕێوەچوو و ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە بە دەستێوەردانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لەگەڵ توندوتیژی هاوکات بوون.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا، بانکەکانی سەر بە سپای پاسداران و شوێنە حکوومەتییەکان لە لایەن هاووڵاتییانی ناڕازییەوە ئاگریان تێبەردراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەهۆی پچرانی هێڵی ئینتێرنێت و ڕاگەیاندنی حکوومەتی نیزامیی لە شارەکانی کوردستاندا، ئامارێکی ورد لە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لە بەردەستدا نییە.

هەتا ئێستا بەرپرسانی فەرمی حکوومەتی ئێران لە کوردستان ژمارەی کوژراوەکانیان ڕانگەیاندووە.

وێنە: بێهروز مەلەکی