شنۆ کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی ‌هێزە نیزامییەکان بریندار بوو

19:27 - 18 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لەناوچەی شنۆ بە تەقەی راستەوخۆی هێز نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ١٧ی رەزبەر کۆڵبەرێک بەناوی \"ئومید عەلی شامە\" لەکوێستانەکانی \"بەرگەدان\" بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانەوە بەتوندی بریندار بوو.

یەکێک لە شایەتحاڵان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هێزە نیزامییەکان بۆسەیان بۆ کۆڵبەران نابوویەوە و لەگەڵ ئەوەی کۆڵبەران کەوتنە نێو بۆسەی ئەو هێزانەوە، دەستبەجێ کەوتنە بەر دەسرێژی گولـلە و لە ئەنجامدا \"ئومید عەلی شامە\" بە توندی بریندار بوو.

دەگوترێت، هەنووکە \"ئومید عەلی شامە\" لە ناوەندێکی دەرمانیی شاری شنۆ لەژێر چاوەدێریی پزیتشکی دایە.

هەروەها ئەو شایەتحاڵە باسی کەوەش کرد، هێزە نیزامییەکان دەستیان بەسەر ٢٠ سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیشدا گرتووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانن.