شلێر باپیری: بەبێ بەدەستهێنانی مافەكانی ژنان لە كۆمەلگا، دێمۆكراسی مسۆگەر نابێت

13:32 - 18 رەشەمه 2711
بە بۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان و زیاتر شرۆڤە و تاوتوێكردنی پرسی بزووتنەوەی ژنانی كورد و ئاریشە پێوەندیدارەكان بەم پرسە، ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا چەند پرسیارێكی ئاراستەی خاتوو شلێر باپیری رۆژنامەنووس و چالاكی بواری مافەكانی ژنان كردووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بۆ تاوتوێی زیاتری پرسی ژنان و مافەكانی پێوەندیدار بەم توێژەی كۆمەڵگا چەند پرسیارێكی لەگەڵ شلێر باپیری رۆژنامەنووس و چالاكی بواری مافەكانی ژنان خستۆتە بەرباس.

كوردپا: بۆچی چالاكییەكانی بزووتنەوەی ژنان زیاتر بەستراونەتەوە بە بۆنە و رێوڕسمە جیهانی و ناوچەییەكانی پێوەندیدار بە ژنان، بە واتایەكی تر تەنیا لەو كات و ساتانەدا چڕتر دەبنەوە و بزووتنەوەكە گشتگیر نەبووە و بەردەوام نیە، هۆكارەكانی چین؟

ش. باپیری: ئێستە بزووتنەوەی ژنان یەكێك لە فراوانترین و بەهێزترین بزووتنەوەكانی جووڵە كۆمەڵایەتییەكان لە سەرانسەری جیهانە، بزووتنەوەی ژنان نەك تەنیا لە رێگەی كردارەوە هەنگاوی باشی هاویشتووە، بگرە پێشكەوتنی بزووتنەوەكە لەو ماوە كورتەدا بە شێوەیەك بووە كە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆی دەركەوتووە بەبێ بەدەستهێنانی مافەكانی ژنان لە كۆمەلگەدا ناتوانرێ دێمۆكراسی مسۆگەر بێت و دیموكراسییەكی ناتەواو دێتە ئاراوە، چونكە دێمۆكراسی لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ بنیات نراوە و مافی ژنانیش بەشی سەرەكییە لە مافی مرۆڤ. ئەو پێشەكییەم بۆیە باس كرد كە بچمە سەر كرۆكی پرسیارەكەتان سەبارەت بە بزووتنەوەی ژنان و یادكردنەوە تەنها لە یادەكاندا، بیگومان بزووتنەوەی ژنان لەناخی كۆمەڵگەوە سەریهەلداوە كەلە هەر كۆمەلگەیەكدا بە گوێرەی بنیات و روانینە ئایینی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان دەگۆڕێ. لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بزووتنەوەی ژنان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە بەهێزەی كە بتوانێ هێز و كاریگەریی بەرچاوی هەبێ. بزووتنەوەی ژنان بە شێوەیەك ماویەتی كە بگات و تێر و تەسەل مەبەستی خۆی بپێكێ. كەواتە لە بزووتنەوەیەكدا كە تێر نەبووە لە كار و چالاكی كەواتە دەەبێتە خۆراكی زۆر لایەن و لە هەمان كاتدا تا گەیشتن بە ئامانجەكانی خەباتێكی لەخۆبردووی دەوێ. هەر چەند دەڵێم بەداخەوە پرسیارەكەتان راستە و تەنیا كاتی بۆنەكانە كە ئێمە زیاتر كار لەسەر پرسەكان دەكەین و نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی كە بەتایبەت رێكخراوەكانی تایبەت بەو پرسە بتوانن لە هەر كات و ساتێكدا زیاتر هەنگای بەرچاو هەڵیینەوە ئەوەش بۆ كۆمەلگە دەگەڕێنمەوە كە تێیدا ژنان بەشێكن لەو كۆمەڵگەیانە، كەواتە ژنانیش خۆیان هۆكارێكن بۆ ئەم فەرامۆشكردنە، هەرەوەها زانیاریی ژنان بەداخەوە لە ئاستێكی زۆر بەرزدا نیە و ژنانێكی كەم لە ژمارەمان هەیە كە بتوانن زۆر زانستیانە كار لەسەر پرسەكان بكەن و شیكاری بۆ بكەن و كار لەسەر ئامانجەكان بكەن. هۆكارێكی دیكەش كە بۆتە هۆكار بۆ ئەمە زۆر جار بزووتنەوی ژنان وەك مانۆڕێك و زیاتر لە درووشمێك نییە كە ئەمەش هۆكاری زۆرە، لەوانە بوونی دەسەڵاتی سیاسی لەو كۆمەلگەیە كە بزووتنەوەكانی ژنان بۆ ئامانجە سیاسییەكانی خۆیان دەقۆزنەوە و ژنانیش پێرەوی دەكەن.

كوردپا: لە ماوەی نێزیك بە دوو دەیەی رابردوودا شەپۆلێكی بەرین لە ژنان و كچان لە بواری فەرهەنگی، نووسین و رۆژنامەنووسیدا لە چوارچێوەی رێخكراوە ئەدەبی و كۆمەڵایەتییەكاندا هەم لە كوردستانی ئێران و هەم لە هەرێمی كوردستان هاتنە مەیدانی چالاكییەوە، بەڵام پاش ماوەیەك كار كردن دەكشێنەوە و بەردەوام نین و تەنیا كۆمەڵكیان توانیویانە جێگای خۆیان بكەنەوە، پێتان وایە هۆكاری بەردەوام نەبوونیان چیە؟

ش. باپیری: سەرەتا ئەوە روون بكەمەوە كە نەك لە بواری ژناندا، بگرە لە هەموو لایەنەكانی تری كۆمەڵگەی مەدەنیدا دەبینین كەسانێك زۆر خێرا دێنە پێشەوەی مەیدانەكە و دوای ماوەیەك بێ سەروشوێن دەبن لە كار و چالاكی، ئەوەش بە بۆچوونی من دوو هۆی هەیە.

یەكەم ئەوەی ژن لە كۆمەڵگەی كوردیدا خوێندنەوەیەكی زانستی بۆ چالاكی لە كۆمەڵی مەدەنیدا نییە و لانیكەم لە ئاستی پێویستدا نیە، یان دوور نیە بە كێشەیەكی یاسایی یان كۆمەڵایەتی كەلە چوارچێوەی كاردا تووشی دەبێ زوو كۆڵ دەدا و نێوە نێوە دەگاتە ئەو بۆچوونە كە وا باشترە واز بێنێ، هەرچەندە زۆر بە كەمی راستەوخۆ باس لەو كردارەیان دەكەن.

هۆكاری دووەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەشی زۆری ژنان بەشێوەی لاوەكی تێكەل بە پرسی ژن و داكۆكی كردن لە مافەكانی ئەو توێژە گرینگەی كۆمەڵ بوونە، كاتێكیش ئەو ئەركەیان لەسەر دەبێتە ماڵ و لە راستیدا ناتوانن وەڵامدەری بن، ئەوا تووشی شكست دەبن و واز دێنن. بۆ نموونە مامۆستایەكی ژن لە زانكۆ ئەگەر لە چەند وتار یان گوتاردا داكۆكی لە ژن كرد و نێوە نێوە وەك كەسایەتییەكی بواری مافی ژنان ناوی دەركرد، ئەوە راستەوخۆ چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرێ كە بەردەوام چالاكیی دیكەی هەبێ كە لەوانەیە لە ئاستی كات و پیشە و هەموو توانای ئەودا نەبێ، لێرە دایە كە بەردەوام جۆرێك لە دیار نەبوونی چالاكانی ژنان لە مەیدانەكەدا هەستی پێ دەكرێ. بە كورتی دەتوانم بڵێم كە پێویستە بڕوامان هەبێ بەوەی پرسی ژن دوور و درێژە نابێ چاوەڕێ بین بە یەك ساڵ و دوو ساڵ و بە بوونی چەند كەسی دیاریكراو چارەسەر بكرێ.
كوردپا: ماس میدیا (راگەیەنە گشتییەكان) وەكوو ئامرازێكی مۆدێڕنیتە ئێستا لە كۆمەڵگای كوردیدا كەڵكی لێوەردەگیرێت، ژنیش لەم نێوەدا وەك هێزێك هاتۆتە مەیدانەوە و جێپەنجەی دیارە، بەڵام پرسیارەكە لێرە دایە كە ئاخۆ بۆچی پاش ماوەیەك دەكرێنە ئامراز و ناتوانن بەردەوام بن و توانایی خۆیان بسەلمێنن. بەگشتی ژن بۆ نەیتوانیوە لە میدیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان كەڵك وەربگرن؟

ش. باپیری: ناتوانین بڵێین ژن لە كۆمەڵگەی كوردیدا توانای سەلماندنی خۆی نەبووە، بەڵام منیش لەگەڵ ئەوەدام كە دەكرا زیاتر خۆی بسەلمێنێ. بۆ نموونە ئەگەر ژن هێزی سەلماندنی خۆی و سەرخستنی ئامانجەكانی وەك مرۆڤێك نەبوایە، بەڕاستی ئێستە شاهیدی ئەو هەمووە رۆڵەی ژن لە دام و دەزگاكان، كەناڵەكانی راگەیاندن، كاروباری كەرتی گشتی و تایبەت دەبووین؟ ئایا كۆمەڵگەی كوردی وا بە ئاسانی رێگەی بەدەرچوونی كچ بۆ خوێندن و زانكۆ دەدا؟ ئەگەر چالاكانی مافی ژنان كاریان نەكردبایە بێگومان ئێستە بەشێك لە هەموو پرسەكانی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتیی كوردستان ژنان نەدەبوون، ئێستە لە هەر رووداوێك و پێشهاتێكدا لە كوردستان ژن و پیاو شانبەشانی یەكتری دەبینی بێ ئەوەی هەست بكەی جیاوازییەكی جەندەری زۆر بەرچاو هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە دەبێ كاری زیاتر بكرێ. دەبێ كار بكرێ بۆ ئەوەی كوردیش فێر بێ ئەوەی مرۆڤەكان لە یەكتری جیا دەكاتەوە رەگەز نیە بگرە كارە، ئەوەش كات و هەوڵی زیاتری دەوێ، نابێ لەبیرمان بچێ ئێمە باس لە كۆمەڵگەیەكی ئایینی دەكەین كە بەردەوام گیرۆدەی سەدان داب و نەریتی كۆن بووە و پێویستە بڕوامان بە خۆمان و تێپەڕ بوونی كات هەبێ.
كوردپا: سپاس بۆ ئامادە بوونت بۆ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە.

ش. باپیری: سوپاس بۆ ئێوەش و سەركەوتوو بن