"شایان سەعیدپوور'' لە سێدارە درا

11:43 - 2 بانەمەڕ 2720

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی بانەمەڕ، شایان سەعیدپوور، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی سەقز لە سێدارە درا.

بنەماڵەی "شایان سەعیدپوور"،  که ڕۆژی دووشەممە ١ی بانەمەڕ، بۆ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان بانگهێشتی زیندانی سنە کرابوون و  هەروەها هەوڵەکانی هاووڵاتییانی و پیاوماقووڵانی شاری سەقز، بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکە، بۆ پێشگرتم لە سێدارەدانی ئەو زیندانییە مەحکووم بە سێدارەیە، بێئاکام ماویەوە.

ڕۆژی ٨ی خاکەلێوە، "شایان سەعیدپوور'' لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکان لە زیندانی سەقز توانی لە زیندان هەڵبێت؛ ئەو زیندانییە مەحکووم بە ئێعدامە دواتر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا.

ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٤، شایان سەعیدپوور لە کاتێکدا کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بوو، لە ئەنجامی شەڕ و دەمەقاڵێ کەسێکی بە ناوی "سلێمان ئازادی" کوشت.

ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی یەکی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "وەفاییان" بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابووە.