شاری ٢١٠ هەزار کەسیی سەقز تەنیا یەک پۆلی ریازی فیزیکی کچانی تێدایە +وێنە

15:05 - 4 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هەنووکە لەشاری ٢١٠ هەزار کەسیی سەقز تەنیا لە قوتابخانەی \"شاهید\" کە تایبەت بە منداڵی ئیسارگەران و کەمئەندامانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە، وانەکانی رشتەی ریازی فیزیک بە کچان دەوترێتەوە.


بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەشاری سەقز؛ بەرپرسی قوتابخانەی \"پەروین ئێعتسامی\"ی ئەو شارە، رۆژی یەکەمی رەزبەری ئەمساڵ بە قوتابیانی کچی رشتەی ریازی فیزیکی ئەو قوتابخانەیان راگەیاند کە لەم قوتابخانەیە وانەی ریازی فیزیک ناوترێتەوە.

هەواڵنێری کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕیارەی بەرپرسی قوتابخانەی پەروین ئێعتسامی لە کاتێک دایە، کە ١٦ قوتابیی کچ بۆ رشتەی ریازی فیزیک لەو قوتابخانەیەدا ناونووسییان کردبوو.

هاوکات ئەو ١٦ قوتابییە کچە لەلایەن بەرپرسی قوتابخانەی پەروێن ئێعتسامییەوە پێیان راگەیاندراوە کە دەتوانن رشتەی خوێندنەکەتان بگۆڕن یان لە قوتابخانەی \"شاهید\" درێژەدان بە خوێندن بدەن.

ئەوەش لە کاتێکدا ئەو قوتابخانەیە تەنیا بۆ منداڵی ئیسارگەر و کەمئەندامانی سپا تەرخان کراوە و قوتابیانی دیکە بۆ هەر ٦ مانگ خوێندن، دەبێ بڕی ٣٠٠ هەزار تمەن پارە بدەن.

ئەو بڕیارەی بەرپرسی قوتابخانەی پەروین ئێعتسامیی شاری سەقز لە کاتێکدایە کە بەپێی ستانداردی جییهانی دەبێ بۆ هەر ١٥ قوتابی پۆلێکی خوێندن بکرێتەو مامۆستای تایبەتی بۆ دیاری بکرێ.

قوتابخانەی دواناوەندیی پەروین ئێعتسامیی شاری سەقز کە تیایدا ٣٠٠ قوتابی سەرقاڵی خویندنن، بە بودجەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنەوە لەلایەن فەرماندەرانی نیزامیی تیپی ٢ی ئەرتەشی شاری سەقزەوە کرایەوە.
\"15650.jpg\"

\"15649.jpg\"

\"15647.jpg\"

\"15648.jpg\"

\"15646.jpg\"