شاری جوانڕۆ بێبەش‌ترین شاری ئوستانی کرماشان + وێنـــە

22:00 - 24 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کەمەتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی شاری جوانڕۆ سەرەڕای ئەوە کە سیمایەکی ناشیرینی بەو شارە بەخشیوە، نیگەرانیی قوڵی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ساڵی ١٣٨٢ زیاتر لە ٣٠٠ میلیۆن تمەن بودجە لە پارکی \"سارەوان\"دا سەرف کرا، بەڵام بەهۆی پێڕانەگەیشتن و کەمەتەرخەمیی ئیدارەی شارەوانی و ئەنجومەنی شۆرای ئەو شارە، پارکی ناوبراو بە نیوەچڵی ماوەتەوەو هیچ کەڵکی بۆ هاووڵاتییان نییە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لە پارکی \"هەڵانییە\"ی شاری جوانڕۆ کرد و رایگەیاند، پێشتر هاووڵاتییانی ئەو شارە بۆ بەسەر بردنی کات سەردانی ئەم پارکەیان دەکرد، بەڵام بەهۆی نابەرپرسیارەتیی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنووکە وەک چۆڵگەی لێ هاتووە و لە ئێستادا بۆتە شوێنی حەوانەوەی تووشبوان بە ماددە هۆشبەرەکان.

لەلایەکی دیکەوە ترمیناڵی \"سەلاسی باوەجانی\" لە شاری جوانڕۆ هەتا ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ دابین نەکراوە و بە وتەی هاووڵاتییانی شاری جوانڕۆ ئەم کێشە ماوەی چەندین ساڵە لە ئارادایە و سەرەڕای سەردان و بە دواداچوونی هاووڵاتییان، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەبیانووی کەمیی بودجە و لە چارەسەر کردنی گرفتەکانی ئەو ترمیناڵە خۆ دەبوێرن.

وەک هاووڵاتییانی شاری جوانرۆ باس لە نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەکەیان دەکەن، ئەو شارە بە تەواوەتی لەلایەن بەرپرسانەوە پشت گوێ خراوەو لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم رەوتە زۆربەی هاووڵاتییان روو لە شارەکانی دیکەی ئوستانی کرماشان و ئێــران دەکەن.
\"13962.jpg\"

\"13963.jpg\"

\"13960.jpg\"

\"13961.jpg\"