سەڵماس/ پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ئێعدام و ناوونیی چارەنووسی ٢ هاووڵاتیی کورد

12:57 - 3 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی یەکێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەی گۆڕی بەکۆمەڵی پەنابەرانی ئەفغانی، پاکستانی و ئێرانی لە خاڵی سنووریی نێوان ئێران و تورکیە، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتی ئێــرانەوە پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئازاد ئەتمانی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی \"دشوان\"ی سەربە شاری سەڵماس لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە تۆمەتی ئاودیو کردنی پەنابەرانی ئێرانی، ئەفغانی و پاکستانی لە خاڵی سنووریی نێوان ئێران و تورکیە کە کوژرانی چەند کەس لەو پەنابەرانەی بە دەستی هێزە ئینتزامییەکان لێکەوتەوە، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

حەبیب ئەتمانی کوڕی جەعفەر و ئازاد ئەمانی کوڕی ئەفرووز ، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی \"دشوان\"ی سەربە شاری سەڵماس، لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها دەوترێ کە ئازاد ئەتمانی کەلە زیندانی شاری ورمێ راگیراوە، پاش ئەوەی لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا حوکمی ئێعدامی ناوبراو لە دیوانی باڵای وڵاتی ئێران پشتڕاست کرایەوە، مەترسیی ئیعدام کردنی ئەو زیندانییە کوردە زیاتر بووە.

هاوکات حەبیب ئەتمانی تەمەن ٢٨ ساڵ و کوڕی جەعفەر لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و هەتا ئێستاش چارەنووسی ناوبراو لە زیندانی شاری ورمێ بە ناڕوونی ماوەتەوە.