"سەکینە پەروانە" بە ٥ ساڵ زیندان و دوو ساڵ قەدەغەکردن لە ئەندامیەتی لە گرووپە سیاسییەکان، مەحکووم کرا

19:11 - 5 جۆزەردان 2720

لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران، حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ قەدەغەکردن لە ئەندامیەتی لە گرووپە سیاسییەکانی بۆ "سەکینە پەروانە" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی خوراسان بڕییەوە.

دادگایی ئینقلابی تاران ئەو هاووڵاتییەی بە "ئەندامبوون لە گرووپەکانی دژبەری نیزام بە ناوی کۆمەڵە و دێموکرات بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

"پەیام درەئەفشان"، پارێزەری دۆسیەی "سەکینە پەروانە"، بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە تویتێریی خۆیدا، نووسیوویەتی: "سەکینە پەروانە بە سەردانکردنی کۆنسولخانەی ئێران لە شاری هەولێر، خۆی ڕادەستی ئەو کۆنسولخانەیە کردووە و داوای ڕاگواستنەوەی بۆ ئێران کردووە".

بڕینەوەی حوکم بەسەر "سەکینە پەروانە" بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی پارێزگای تاران بووە و هەتا ٢٠ ڕۆژ پاش لە ڕاگەیاندنی ئەو حوکمە، دەتوانێت سەبارەت بەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران ناڕەزایەتی دەرببڕێت.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خوراسانییە پاش سەردانی بۆ کۆنسولخانەی ئێران، ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لە سنووری باشماخ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئێڤین لە تاران ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بەهۆی دروشم نووسین بۆ زیندانی قرچەکی وەرامین ڕاگوێزرا و ڕاگواستنەوەی "سەکینە پەروانە" لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجەدا بووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بە دەست و پێ بەستراوییەوە لە ژووی تاکەکەسیی زیندانی قرچەک ڕاگیرابوو و دواتر بۆ نەخۆشخانەی ڕەواندەرمانیی ئەمین ‌ئاوا لە شاری تاران گوازرایەوە و پاش ٢٥ ڕۆژ بۆ بەندی قەرەنتینەی زیندانی قرچەکی وەرامین ڕاگوێزرابوو.