"سەکینە پەروانە" بۆ بێهداریی زیندانی قەرچەک ڕاگوێزرایەوە

12:05 - 11 پووشپەڕ 2720

"سەکینە پەروانە"، زیندانیی سیاسیی کوردی خوراسان، بەهۆی خراپیی باری تەندروستییەوە، ڕەوانەی بێهداریی زیندانی قەرچەکی وەرامین کرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕ، ئەو زیندانییە سیاسییە لە ١١هەمین ڕۆژی مانگرتنیدا، بەهۆی دابەزینی پەستان و خراپیی باری تەندروستییەوە، ڕەوانەی بێهداریی زیندان کرا.

"سەکینە پەروانە" کە بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە، لە بەندی ٣ی تایبەت بە زیندانییانی "تاوانە مەترسیدارەکان" (جرائم خطرناک) ڕاگیراوە و لە ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەهۆی ڕاگرتنی لە بەند و جیانەکردنەوەی لە زیندانییانی دیکە، مانی لە خواردن گرتووە.

دادگای ئینقلابی تاران ئەو هاووڵاتییەی بە "ئەندامبوون لە گرووپەکانی دژبەری نیزام بە ناوی کۆمەڵە و دێموکرات بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.