سەلمان ئەفرا بە دانانی بارمتە لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا

11:04 - 27 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلمان ئەفرا" کوڕی "ڕەحمەت" و خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە، بە دانانی بارمتە بە شیوەی کاتی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی خاکەلێوە، ئەو لاوە مەریوانییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرابوو.

سەلمان ئەفرا کە پیشینەی زیندانی هەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩، لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.

ئەو لاوە کوردە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە دادگای سەرەتایی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری گۆڕدرابوو.